میدیای مەلا بەختیار بۆ ئاسۆ فەرەیدون: هیچ لە دیموکراسی تێنەگەشتووی
  2021-09-19       1421       
میدیای فەرمی مەلا بەختیار وەڵامی ئاسۆ فەرەیدون، کاندیدی یەکێتی دەداتەوە و دەڵێت، تۆ بڵیی "هەر ئەوەندە لە سیاسەت بزانێ، ئەگەر ئەوەندە لە سیاسەتی كوردستان و عێراق ئەزانێ، نەك ئەو ساڵانەی لە كوردستان بووە بەڵكو هەمو ئەو ساڵانەی لە لەندەنیش بووە هیچ لە دیموكراسی تێنەگەیشتوە".

ئاوێنە: پێگەی چاودێری فەرمی مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەناوی "بەشی توێژینەوەی چاودێر" وتارێکی لەژێر ناوی "د.. ئاسۆ فەرەیدونی پاشەڵ دیموکراسی" نوسیوە.

د.ئاسۆ فەرەیدوون. کاندیدی هاوپەیمانی کوردستان لە کاتی هەڵمەتی بانگەشەدا باسی دیموكراسی و یەك كورسی پەرلەمان یان كورسی زۆری كرد و وتبووی، " ئێمە هیچ بەرگری لە قسەكانی مەلا بەختیار ناكەین كە ئەو قسەیەی كردبو "یەكێتی یەك كورسیش بێنێ هەر یەكێتیە"

ماڵپەرەکە وەڵامی ئەو وتانەی د.ئاسۆ فەرەیدوونی داوەتەوە، دەشڵێت، " نێوان ئەم نوسینەو قسەكانی د. ئاسۆ زۆر ناخایەنێت ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەزانین ئەوكاتە دەردەكەوێ بارومەتری دیموكراسی پرنسیپ و كولتوری دیموكراسیە یا هێزی چەكدارو پەیوەندیە ئیقلیمیەكانە؟ ".


دەقی وتارەکەی پێگەی چاودێر

د.. ئاسۆ فەرەیدونی پاشەڵ دیموكراسی
بەشی توێژینەوەی چاودێر

د.ئاسۆ لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا، باسی دیموكراسی و یەك كورسی پەرلەمان یان كورسی زۆری كرد. گوایە ئەمە وەكو وەڵامی مەلا بەختیارە. ئێمە هیچ بەرگری لە قسەكانی مەلا بەختیار ناكەین كە ئەو قسەیەی كردبو "یەكێتی یەك كورسیش بێنێ هەر یەكێتیە". چونكە مەلا بەختیار لە چەند چاوپێكەوتنێكدا ڕونی كردبوەوە مەبەستی چیە. ڕێك مەبەستی ئەوە بوە كە لە كوردستاندا حزبی هێزی چەكدار، كورسیش كەم بێنێ كە حكومەت پێكهێنرا ناتوانرێ ئەو حزبە چەكدارە پشتگوێ بخرێ. خۆ پێشتر د.ئاسۆ دوو ساڵی یەكەم كرایە پارێزگاری سلێمانی، ئەمە لەكاتێكدا گۆڕان لە یەكێتی زیاتر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەبوو. ئێستاش د. هەڤاڵ پارێزگاری سلێمانیە، ئایە بەبێ پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگەی یەكێتی هیچی پێ ئەكرێ؟ خۆ لە عێراقیشدا هێزە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانیان نیە كەچی لە پشتی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمارو وەزارەتەكانەوە، حوكمی عێراق ئەكەن.

ئێستا لە كوردستاندا هەرچی چۆنێك بێت پارتی ٤٥ كورسی هەیە دوو بەرامبەر زیاتری یەكێتی. لەبەر هێزی چەكدارو ئاسایش و پۆلیسی یەكێتی، سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی وەزیرانی هەرێم كە پارتین، ئەتوانن پۆلیسێك لە ناوچەی سەوز دابمەزرێنن؟

با بێینەوە سەر فەرمایشتەكانی د. ئاسۆ ئەرێ ئەم دكتۆرە تۆ بڵێی هەر ئەوەندە لە سیاسەت بزانێ كە پێی وابێ عێراق و كوردستان بونەتە دیموكراسی و ئیتر بە ڕێژەی كورسیەكانی پەرلەمان حوكم بكرێ. ئەگەر ئەوەندە لە سیاسەتی كوردستان و عێراق ئەزانێ، نەك ئەو ساڵانەی لە كوردستان بوە بەڵكو هەمو ئەو ساڵانەی لە لەندەنیش بوە هیچ لە دیموكراسی تێنەگەیشتوە.

نێوان ئەم نوسینەو قسەكانی د. ئاسۆ زۆر ناخایەنێت ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەزانین ئەوكاتە دەردەكەوێ بارومەتری دیموكراسی پرنسیپ و كولتوری دیموكراسیە یا هێزی چەكدارو پەیوەندیە ئیقلیمیەكانە؟

ئێمە دەزانین كە د. ئاسۆ بەو قسانەی لەسەر دیموكراسی و نا ڕاستەوخۆ وڵام دانەوەی مەلا بەختیار، زوڕنای ناشارەزایی لە دیموكراسی و سیاسەت لەم كاتەی كێشەكانی یەكێتیدا بۆ كام تەكەتول و بۆ ڕاكێشانی سۆزی كام بەشی دەنگدەر فەرمووە. بێگومان هەر بۆ ئەو تەكەتول و بەشەیە كە بێ پرسی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتی د. ئاسۆیان كاندید كردوە.

ئێمە لێرە هەر ئەوەندە وڵامی د. ئاسۆ ئەدەینەوە، لەبەر ئاكاری ڕۆژنامەنوسی و لەبەر ئەوەی یەكێتی و خۆشی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنن، باسی هەندێك مەسەلەی هەستیاری زۆر تایبەتی سەبارەت بە د. ئاسۆ ناكەین.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×