شاندێكی ڕۆژئاوای كوردستان لە ئەمریكان
  2021-09-19       327       
ئەندامێكی نوێنەرایەتیی ڕێڤەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا لەباشووری كوردستان ڕایدەگەیەنێت، شاندێكی ڕۆژئاوای كوردستان لە ئەمریكا تاوتوێی كێشەكانی سوریا دەكەن.

ئاوێنە: شاندێكی ڕۆژئاوای كوردستان لە ناوەڕاستی ئەم مانگە لە ڕوسیا بوون و ئەمڕۆش لە واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆدەبنەوە.

فەتحوڵلا حوسەینی ئەندامی نوێنەرایەتیی ڕێڤەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا لەباشووری كوردستان ڕاگەیاند، شاندێكی هاوبەشی نێوان ئەنجومەنی سوریای دیموكراتی لەگەڵ بەڕێوەبەری خۆسەر 16ی مانگ لە مۆسكۆ لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا كۆبوونەوە و ئەنجامێكی باشی هەبوو، هەمان شاندیش ئەمڕۆ گەیشتوونەتە واشنتن و لەگەڵ سیناتۆری ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا كۆدەبنەوە و ئەگەری هەیە لەگەڵ بەرپرسانی كۆشكی سپیش كۆببنەوە.

وتیشی”لە كۆبوونەوەكاندا، گفتوگۆی سیاسی و چارەسەری دۆخی ناوخۆی سوریا تاوتوێ دەكەن”.

ئاشكراشیكرد، تاكو ئێستاش هیچ دەنگۆیەك بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا نییە و هەماهەنگی بوونی هەیە و بەردەوامە.

جەختیشكردەوە، ئەو شاندە دەیانەوێ هێرشەكانی توركیا بۆسەر ڕۆژئاوا بوەستێنرێن، هێرشێكی داگیركاری لەناوچەكە بوونی هەیە و ڕوسیا وەكو وڵاتێكی گەرەنتی لە سوریا دژی توركیا بوونی هەیە، ئەگەر گفتوگۆیەك لەنێوان ئێمە و سوریا هەبێت دەبێت بەسەرپەرشتی ڕوسیا بێت لەبەرئەوە وڵاتێكی گەورەیەو چارەسەركردن و ئاڵۆزكردنی ناوچەكە لەدەستی ئەودایە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×