بڵێسە جەبار فەرمان: ھەڵبژاردن لە سیستەمێکی چەقبەستودا دیموکراسیی نییە
  2021-09-19       704       

بڵێسە جەبار فەرمان رایگەیاند:" ئەوەی لە عێراق و ناوچەکە دەگوزەرێت بانگەشەکردنى دیموکراسییە، نەک بوونى دیموکراسیەت چونكە لە ٧٠٪ی ئەندامانى ئێستای پەرلەمانى عێراق خۆیان کاندیدکردووتەووە و دیسانەوە داوای متمانە لە ھاوڵاتیان دەکەنەوە".

 ئاوێنه‌: ئەمڕۆ یەكشەممە، 19 ئەیلولی 2021 بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینێکدا لە پەڕەى تایبەتى خۆى لە فەیسبووک ئاماژەى بەوەکردووە، ئەوەی لە عێراق و ناوچەکە دەگوزەرێت بانگەشەکردنى دیموکراسییە، نەک بوونى دیموکراسیەت ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە سیستەمێکی چەقبەستوودا بە واتای دیموکراسیی نایەت، چونکە لە ٧٠٪ ی ئێستای ئەندامانى پەرلەمان خۆیان کاندیدکردووەتەوە و دیسان داوای متمانە لە ھاوڵاتیان دەکەنەوە.

هەروەها، بڵێسە جەبار فەرمان وتوشیەتى، پەرلەمانی عێراق  لە ٣٢٩ ئەندام پێکدێت و زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی ئەم خولەى ئێستا دوو خولە ئەندامی پەرلەمانن و ٢٠ ى دیکەش سێ خولە ئەندامی پەرلەمانن.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەى بەوەش داوە، ١٦ ئەندام پەرلەمانی ئەم خولەى ئێستا لە پێشووتردا وەزیربوون لە کابینە جیاجیاکانی حکومەتدا و زیاتر لە ٢٠ ئەندام پەرلەمانی ئەم خولەش پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاکان بوون و چوار پەرلەمانتاریش پێشتر پارێزگاربوون.

لە بەشێکى دیکەى نووسینەکەیدا ئەو ئەندامەى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاندووە، عیراق لە نێو بازنەیەکی داخراودا دەسوڕێتەوە و باڵادەستەکانی ناو پارتە سیاسییەکان ئاڵوگۆڕبە کورسیەکانیان دەکەن لەنێو ئەو بازنە داخراوەدا.

لە پاش ساڵى ٢٠٠٥-ەوە هەتا ئێستا ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق چوار هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئەنجامداوە، کە بەمشێوەیەن لە ساڵەکانى ٢٠٠٥ و ٢٠١٠ و ٢٠١٤ و ٢٠١٨ دا بەڕێوەچوون و ئەم هەڵبژاردنەى لە ڕۆژى ١٠ – ١٠ -٢٠٢١، ئەنجام دەدرێت دەبێتە پێنجەم هەڵبژاردنى پەرلەمان لە دوایی ڕووخانى ڕژێمى بەعس.

   


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×