وەزیری خوێندنی باڵا: زانکۆ حکومییەکان بارگرانییەکی یەکجار گەورەیان خستوەتە سەر حکومەت
  2021-09-19       385       


وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، خوێندنی باڵا پێویستی بە ریفۆڕمی ریشەیی هەیە، دەشڵێت، "زانکۆ حکومییەکان بارگرانییەکی یەکجار گەورەیان خستوەتە سەر حکومەت، لە دونیای مۆدێرن دەبێ ئەوانە سەربەخۆبن".

ئاوێنه‌: د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ یەکشەممە لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی پەروەردەیی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک رایگەیاند، بە سەرپەرشتی بریکاری وەزیر لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ داڕشتنەوە و پێداچونەوە بە یاسا لە خوێندنی باڵا، دەیانەوێت یاسایەک دابڕێژنەوە کە بەرمەبنای گۆڕانکارییە سیاسیی و ئابوری و پێشکەوتنە زانستییەکانی ناوچەکە و جیهان بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو خاڵەی کە گرنگە لە یاساکەدا ئەوەیە کە یاساکە دەستەبەری سەربەخۆیی ئەکادیمی و زانستی بۆ کارگێڕی و دارایی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بکات، چونکە زانکۆ بەبێ سەربەخۆیی ئیداریی و ئەکادیمی ناتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و ناتوانێت ببێتە ناوەندێکی ئەکادیمی راستەقینە و جدی، ئێمەیە لە کابینەی نۆیەم بە هەمومانەوە ئامنجمانە ناوەندەکانی خوێندن و ئەکادیمیا بکەینە بە نەرهەمهێنانی مەعریفە و کارامەیی خوێندکاران".

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لەوەشکرد، "گرفتەکانمان زۆرن، لە پاڵ دروستکردنی کوالێتی و کادیر بۆ بازاڕی کار، ئەرکی وەزارەتی خوێندنی باڵایە کە ئینتیما بۆ خوێندکار و خەڵکی هەرێمی کوردستان دروست بکات، چونکە ئەو جوگرافیایە نیشتمانی هەمومانە، هەرچی هەمان بێت بەبێ بونی ئینتیما بۆ نیشتمان سودی نابێت".

ئەوەشی خستەڕو، "گرفتی گەورەمان سیستمی وەرگرتنی قوتابیانە لە زانکۆ، کە تەنها پێوەر تێکڕا نمرەی قوتابییە لە پۆلی 12، ئەم سیستمە توانا راستەقینەکان و باکگراوند و داهێنانی قوتابیان و خوێندن لەبەرچاو ناگرێت، پێویستە ئەم سیستمە بگۆڕدرێت، تا ئەمە نەگۆڕین ناتوانین دڵخۆشبین بەوەی هیچ ریفۆرمێک لە هەرێمی کوردستان دەتوانێت جێگە بگرێت".

د. ئارام محەمەد قادر رونیشیکردەوە، "گرفتێکی دیکەمان ئەوەیە قوتابی کە دێتە ناو زانکۆ بەهەمان پێوەری پەروەردە دێت، بۆیە ناتوانێت ئەو کارامەییە دروست بکات، پێویستە تاقیکردنەوەیەکی نیشتمانیمان هەبێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە تا بزانین بۆ ئەمساڵی خوێندن چ جۆرە کوالێتی و کادیرمان لە ناوەندەکانی خوێندن دەوێت".

وتیشی، "زانکۆ حکومییەکان بارگرانییەکی یەکجار گەورەیان خستوەتە سەر حکومەت، لە دونیای مۆدێرن دەبێ ئەوانە سەربەخۆبن".


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×