ئاسایش یەكێك لەو دو كەسەی دەستگیركرد كە نەمامەكانی چەمچەماڵیان هەڵكەندبو
  2021-09-19       399       

ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، دەستگیركردنی یەكێك لەو دو كەسەی راگەیاند كە شەوی 14ی ئەم مانگە چەند نەمامێكیان هەڵكەندبو و بردبویانن. دەشڵێت: كەسەكەی دیكە هەڵاتوەو شوێنەكەی نادیارە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"شارەوانی چەمچەماڵ لەپێناو سەوزکردنی قەزای چەمچەماڵ و ژینگەیەکی تەندروستدا چەند نەمامێکی لەگەڕەکی ڕاپەڕینی قەزای چەمچەماڵ نزیک بانکی چەمچەماڵ چاند،  لەلایەن دو کەسەوە نەمامەکان شەوی (۱٤ لەسەر ۱٥/٩/٢٠٢١) هەڵدەکەندرێن و دەدزرێن."
ئەوەشی خستۆتەڕو، هێزەكانیان پاش بەدواداچون و کۆکردنەوەی زانیاری کەسێکیان بەناوی (أ. أ. ر.) دانیشتوی قەزای چەمچەماڵ دەستگیرکردوە كە لەگەڵ کەسێکی دیکەی دانیشتوی قەزاكەدا تاوانەکەیان ئەنجام داوەو بەڵام لەئێستادا ئەو كەسەی دیكە هەڵاتوەو شوێنەکەی نادیارە.

بەپێی راگەیەندراوەكە " پاش هەڵکێشانییان، نەمامەکانیان گواستونەتەوە بۆ باخێک لەنزیک گوندی (گورگەی)، لەلایەن هێزەکانمانەوە دەست بەسەر نەمامەکان و ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارە هەڵهاتوەکەدا گیرا."    

ئاماژەی بەوەشداوە كە تۆمەتبارەکان بەفەرمانی دادوەری دادگای لێکۆینەوەی چەمچەماڵ بەپێی ماددەی (٤٤١) بڕگە (١١) فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×