وەزیری كشتوكاڵ: ئەو ئاردەی هاوردەی هەرێم دەكرێت ماددەی كوشندەی تێكراوە
  2021-09-19       684       

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، بەپێی راپۆرتە پزیشكییەكان ئەو ئاردەی هاوردەی هەرێم دەكرێت، ماددەی كوشندەی تێكراوە كە كاریگەری راستەوخۆ كاریگەری لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان هەیە.

ئاوێنە: بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە وتەیەكدا لە رێوڕەسمی کردنەوەی کارگەی بەرهەمهێنانی ئاردی قەیوان لە سلێمانی، رایگەیاند"لە چەند هەفتەی رابردو لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە جۆری ئەو ئاردەی كە دەهێنرێتە ناو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان."

وەزیری كشتوكاڵ وتیشی"بەپێی راپۆرتە پزیشكییەكان دەركەوتوە ئەو ئاردەی هاوردەی هەرێم دەكرێت ماددەی كوشندەی تێكراوە، لەپێناو ئەوەی كە تەنها ئاردەكە سپی بكرێتەوە كۆمەڵێك ماددەی كیمیایی تێكەڵكراوە كە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر تەندروستی خەڵكی كوردستان هەیە."

ئەوەشی خستەڕو"بۆیە ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین كێبڕكێی بەرهەمی هاوردە بكەین و بە كوالێتییەكی زۆر بەرز بەرهەمەكانمان بخەینە بازاڕەوە، هاوكات بۆ ئەوەی بتوانین پاڵپشتی جوتیارانی خۆمان بكەین، بڕیارماندا كە ئەم كارگانە لەناوخۆی هەرێمی كوردستان بكەینەوەو لەژێر چاودێری خۆمان بەرهەمەكانیان بخەنە بازاڕەوە."

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×