یەكێك لە سزادراوانی بادینان كە ماوەی 13 رۆژە مانی لە خوارن گرتوە رەتیدەكاتەوە ئەوان بۆ چارەسەر برابێتنە دەرەوەی زیندان و جەختیش دەكاتەوە كە لە مانگرتن بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی دادگاییەكی سەربەخۆ دەكرێن یاخود بڕیاری لێخۆشبونیان بۆ دەردەچێت.
ئاوێنە: ئەیاز کەرەم، یەکێک لە سزادراوانى بادینان لەمیانەى پەیوەندییەکى تەلەفۆنى لەگەڵ ئێن ئاڕ تى رایگەیاند "لە رۆژى شەشى ئەم مانگەوە مانم لە خواردن گرتوە هەتا ئەو کاتەى دادگاییەکى سەربەخۆ یان بڕیارێکى لێخۆشبونمان بۆ دەردەچێت."
وتیشى "سەرجەمى سزادراوانى بادینان مانیان لە خواردن نەگرتوە بەڵکو بەشێکیان مانیان گرتوە".
ئەیاز کەرەم رونیکردەوە ئەویان نەبردوەتە دەرەوەى زیندان بۆ نەخۆشخانەو تەنها پزیشکێک هێنراوەتە زیندان و پشکنینى بۆ کردوە.
ئەیاز لەبەشێکى ترى پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا وتەکانى وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانى ڕەتکردەوە کە ئاماژەى بە باشى دۆخى سزادراوانى بادینانى لەناو زیندان کردبو.