كەجەكە: پێنج مانگە توركیا كیمایی دژی گەریلا بەكاردەهێنێت و وڵاتانی رۆژئاوا بێدەنگن
  2021-09-20       401       

هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ڕایگەیاند، سوپای تورکیا ماوەی پێنج مانگە چەکی کیمیایی لە دژی هێزەکانى گەریلا بەکار دەهێنێت، بەڵام نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەوروپا و ئەمریکا بێدەنگن.

ئاوێنە: هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، سوپای توركیا ماوەی پێنج مانگە بە مەبەستی داگیرکردنی تونێلەکانی شەڕ، چەکی کیمیایی لەدژی هێزەکانى گەریلا بەکار دەهێنێت، سەرەڕای ئەوەى کە ئەمریکا، ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتوەکان زۆرجار بە شێوازی جیاواز وتویانە، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هێڵی سورەو قبوڵی ناکەن، کەچى ئێستا هەڵوێستیان پێچەوانەیە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتوەکان تەنها کاتێک وڵاتێکی دژبەخۆیان چەکی کیمیایی بەکار بێنێت، ئەو کردەوەیە دەخەنە پلانى کارى ڕۆژانەیان، بەڵام ئەگەر وڵاتێکی هاوپەیمانی خۆیان چەکی کیمیایی بەکار بێنێت، ئەوا چاوپۆشیی لێدەکەن."

بەپێی راگەیەندراوەكەی کەجەکە "بێدەنگی وڵاتانى جیهان وای لە دەوڵەتی داگیرکەری تورک کردوە، کە هەر کەسێک پارێزگاری لە کوردبونی خۆی بکات و نەچێتە پاڵ ئەوان، ئەوا دەیخەنە زیندان، لەو چوارچێوەشدا زۆرێک لە ئەندامانى پەرلەمان، هاوسەرۆکی شارەوانییەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەکان سەرەڕای ئەوەی کە بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون، دەستگیرکردوە."

كەجەكە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بە شەهیدبونی سێ گەریلایان بەهۆی بەکارهێنانى چەکى کیماییەوە لە ڕۆژانی ڕابردودا کردوەو وتویەتی"هێزی گەریلا بۆ پاراستنی خۆی لە بەرامبەر ئەو هێرشانەى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکدا، دەمامکی دژە گازی کیمیایی بەکاردێنن و ئەگەر بەو ڕێگەیە نەبوایە ئەوا تا ئیستا سەدان گەریلا بەهۆى بەکارهێنانى ئەو چەکەوە شەهید دەبون."

کەجەکە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا داوای لە "گەلانی تورکیا، لایەنە دیموکراتەکانی ئەوروپا، ئەمریکاو کەسە دیموکراتە خاوەن ویژدانەکان لە نەتەوە یەکگرتوەکان" كردوە دەکات، "لە دژی بەکارهێنانی ئەو چەکە کیمیاییانەی لە بەرامبەر هێزەکانى گەریلادا بەکارى دەهێنرێن، هەڵوێستیان هەبێت و بە تاوانى جەنگ دەوڵەتی داگیرکەری تورک دادگایی بکەن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×