بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی داوا دەكات پڕۆژەی هاوبەش هەبێت بۆ
پڕكردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەكان لە روبەڕوبونەوەی هەڕەشەكانی داعش و دەشڵێت: هەمو هەوڵێکی
یەکێتی لەپێناو دروستکردنی ھێزێکی نیشتمانیی پڕچەک و راھێنراوە لەسەر بنەمای نوێی
زانستی سەربازی.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ دوشەممە، بافڵ تاڵەبانی،
ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە کۆڵۆنێڵ مارکۆس مایەر،
لێپرسراوی ھێزەکانی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق.
لە دیدارێکدا کە ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاریی هەرێمی
کوردستان ئامادەبو، دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکان و چۆنییەتی روبەڕوبونەوەی پاشماوەکانی
داعش، ھەماھەنگی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگەو ھێزەکانی عێراق و ھاوپەیمانان و یەکخستنەوەی
ھێزەکانی پێشمەرگە تاوتوێکراو بیروبۆچونیان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا.
لە دیدارەکەدا
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە جموجوڵەکانی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش كرد کە ھێشتا
ھەڕەشەی جدین بۆ سەقامگیری عێراق، بۆیە پێویستە ھەماھەنگی و ھاریکاری زیاتر هەبێت
لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگەو عێراق و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
داواشیکرد پرۆژەی ھاوبەش ھەبێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەو سنورانە و ھێزی
ھاوبەش دروستبکرێت بۆ روبەڕوبونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
سەبارەت بەھەوڵەکانی یەکخستنەوەو پڕچەککردنی ھێزی پێشمەرگە، ھاوسەرۆکی
یەكێتی جەختی لەچڕکردنەوەی ھەوڵەکان کردەوەو رایگەیاند، "هەمو هەوڵێکی یەکێتی
لەپێناو دروستکردنی ھێزێکی نیشتمانیی پڕچەک و راھێنراوە لەسەر بنەمای نوێی زانستی
سەربازی." بۆئەوەش داوای لە ھێزەکانی ئەڵمانیا کرد هاوکار و ھەماھەنگ بن لەسەرخستن
و بەرەوپێشچونی ئەو پرۆسە نیشتمانییە.