كۆمەڵی دادگەری: لەو بازنانەی کاندیدمان نییە، ڕێنمایی دەدەینە دەنگدەرەکانمان چۆن دەنگ بدەن
  2021-09-20       535       

كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە پێنج بازنەی هەڵبژاردن كاندیدی هەیە. ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵ، دەڵێت، لەو بازنانەی هەڵبژاردن کە کاندیدیان نییە رێنمایی دەدەنە دەنگدەرەکانیان چۆن دەنگ بدەن.

ئاوێنە: رێبوار حەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری، ئەمڕۆ دوشەممە، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند"چاوەڕێی ئەوەین، دەنگەکانمان زیاد بکات و کورسی زیاتر بهێنین، چونکە نوێنەرەکانمان لەبەغدا بەڵێنەکانیان جێبەجێکردوە، نزیکایەتیشمان لەگەڵ خەڵک و چین و توێژەکان پاراستوە."

سەبارەت بە هۆکاری پێکێنەهێنانی هاوپەیمانێتی هێزە ئیسلامیەکان، لەکاتێکدا پێشتر قسەوباسی لەبارەوە کراوە، ڕێبوار حەمەد وتی"ڕەنگە هەوڵدرابێت، بەڵام نە ئێمەو نەهێزە ئیسلامیەکانی تر، بازنەکانمان پڕ نەکردوەتەوەو لەهەمو بازنەیەک کاندیدمان نیە، ئێمە لە پێنج بازنە کاندیدمان هەیەو چاوەڕوانین کاندیدەکانمان سەربخەین، بۆ ئەو بازنانەشی کاندیدمان نییە، ڕێنمایی دەدەینە دەنگدەرەکانمان چۆن دەنگ بدەن."

بەرپرسانی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژەبەوەدەکەن لەیەکگەیشتنیان لەگەڵ هێزە ئیسلامیەکان هەیە بۆ هاوکاری و هەماهەنگی یەکتری لەکاتی هەڵبژاردندا، لەو بارەیەوە بەرپرسەکەی کۆمەڵی دادگەری وتی"ئێمە لە پێنج بازنە کاندیدمان هەیە، لە وادەی خۆیدا، قسەمان بۆ دەنگدەرەکانمان دەبێت."

ئەندامەکەی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری رونیشیکردەوە، ئامادەکاری بۆ ڕێگریکردن لە ساختەکاری دەکەن، چونکە قوربانی دەستی ساختەکاری بون لەڕابردودا، وتی"ئەوانەی ساختەکاری دەکەن، هێزە حوکمڕانەکانن و متمانەیان بەدەنگی خەڵک نەماوە، ئەوەی لەڕێگەی کڕینی ئیرادەو هەڕەشەو فشارەوە ناتوانن بیکەن، لە ڕێگەی ساختەکاریەوە دەیانەوێت جێبەجێی بکەن."

دەربارەی چۆنیەتی خۆ ئامادەکردنیان بۆ ڕێگرتن لەساختەکاری، ڕێبوار حەمەد وتی"لەو بازنانەی کاندیدمان هەیە، چاودێر دادەنێین تا بەچڕی چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن، لەهەڵبژاردنی پێشوی عێراقیشدا ساختەکاری زۆر کرا، ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆکارێک هێزەکان هەڵوەستەی جدی بکەن، تا هەمومان پێكەوە ڕێگری لەساختەکاری بکەین."

وتیشی"پەیوەست بە سستمی هەڵبژاردن و دەنگدان، ئامادەکاری کراوە بۆ ڕێگرتن لە ساختەکاری، چاودێری بیانی، چاودێری پرۆسەکە دەکەن، پێمانوایە هێزە قوربانیەکانی دەست ساختەکاری، دەبێت هەوڵی جدی بدەن، لەو بازنانەی کاندیدمان هەیە، لەڕێگەی چاودێرەکانمانەوە، هەوڵی ڕێگرتن لە ساختەکاری دەدەین."

لەکۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕێبوار حەمەد ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری ئاشکراشیکرد، مەرج نیە چاودێریان لەو بازنانە نەبێت، کە کاندیدیان نییە، ئەوان مافی خۆیانە چاودێریەکانیان چڕبکەنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×