ئەمەریکا کۆتوبەندەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر گەشتیارانی بیانی کەم دەکاتەوە
  2021-09-21       361       

ئەمەریکا ڕایگەیاند لە دەستپێکی مانگی یانزەوە کۆتوبەندەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئەو گەشتیارە بیانیانە کەم دەکاتەوە کە دێنە وڵاتەکەوە.

لە ماوەی 18 مانگی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا، ئەمەریکا کۆتوبەندێکی زۆری سەپاندووە بەسەر ئەو گەشتیارە بیانیانەی کە دەیانەوێت بێنە وڵاتەکەوە، تەنانەت وڵاتانی ئەوروپاش لەم مانگانەی دواییدا بەر لە پشووەکانی هاوین کۆتوبەندەکانی سەر گەشتیارانی ئەمەریکیان کەم کردەوە.

بەپێی سیاسەتی نوێی ئەمەریکا، هەڵسوڕێنەری کاروبارەکانی پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە کۆشکی سپی جێف زاینتس وتی گەشتیارانی بیانی دووبارە دەتوانن گەشت بکەنەوە بۆ ئەمەریکا، بەڵام دەبێت بەرلە گەشتەکەیان بیسەلمێنن کە بەتەواوەتی ڤاکسینیان وەرگرتووە، هەروەها دەبێت بیسەلمێنن سێ ڕۆژ پێش گەشتەکەیان پشکنینیان بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا کردووە و هەڵگری ڤایرۆسەکە نین.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمەریکا کرد و وتی گەشتیارانی بیانی دەتوانن بەر لە جەژنی ساڵانەی سوپاسگوزاری گەشت بۆ ئەمەریکا بکەن.

جۆنسن وتی " ئەوە شتێکی زۆر باشە، سوپاسی سەرۆک جۆو بایدن دەکەم بۆ ئەو پێشکەوتنانەی توانیومانە بەدەستی بهێنین."

گروپی بازرگانی گەشتیاری ئەمەریکا پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و وتی " ئەمە یارمەتیدەر دەبێت لە بوژاندنەوەی ئابووری ئەمەریکادا."

ئەو گەشتیارانەی دێنە ئەمەریکاوە و بەتەواوەتی ڤاکسینیان وەرگرتووە پێویست ناکات کوارەنتین بکرێن کە لە هەندێک وڵاتدا کوارەنتین دەکرێن.

بەڵام بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی ملیۆنان خەڵک ڕازیبکات ڤاکسین وەربگرن، وتی ئەو هاوڵاتیە ئەمەریکیانەی کە لە دەرەوەی وڵاتەوە دێنەوە بۆ ئەمەریکا و ڤاکسینیان وەرنەگرتووە دەبێت ڕۆژێک بەر لە گەشتەکەیان پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن، دوای ئەوەی دەگەنەوە ئەمەریکا دەبێت دووبارە پشکنینەکە ئەنجام بدەنەوە.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی ئەمەریکا زیاتر لە 181 ملیۆن هاوڵاتی ئەمەریکی بەتەواوەتی ڤاکسینیان وەرگرتووە، بەڵام نزیکەی 70 ملیۆن کەس کە وەرگرتنی ڤاکسین دەیانگرێتەوە، هێشتا ڕەتی دەکەنەوە ڤاکسین وەربگرن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×