لە كەسنەزان كەسێك لە ناو ئۆتۆمبێلەكەیدا بە كوژراوی دۆزرایەوە
  2021-09-21       404       

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە ناحیەی كەسنەزان كەسێك لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا بە كوژراوی دۆزراوەتەوە كە لەسەر "كێشەیەكی كۆمەڵایەتی" كوژراوە. دەشڵێت: بكەری سەرەكی و سێ بەشداریی دیكەی تاوانەكە دەستگیركراون.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئەمڕۆ کاتژمێر (٤)ی بەرەبەیان، لە ناحیەی کەسنەزان ڕوداوێکی کوشتن ڕویدا، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕوداو دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد، لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کەوا کەسێک بەناوی (ئالان ئەحمەد عەبدوڵا) لەناو ئۆتۆمبێلەکەی کوژراوە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "دوای وەرگرتنی زانیاری توانراوە بکەری سەرەکی تاوانەکە بەناوی (خ. ص. ح.) دەستگیربکرێت و هەروەها سێ کەسی تریش بەناوەکانی (د. خ. ص.)و (م. هـ. م.)و (هـ. ن. ع.) دەستگیر کران کە بەشداربون لەم تاوانە."

پۆلیسی هەولێر وتوشیەتی، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم ڕوداوە ڕێکخراو ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کراو دادوەر بڕیاریدا بەبەندکردنی تۆمەتباران بەپێی ماددە (٤٠٦) لە یاسای سزادان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×