لە هەرێم باج لەسەر هاوردەكردنی پێنج بەرهەم هەڵدەگیرێت
  2021-09-21       397       

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند"لەپێناو چاودێری و کۆنترۆڵکردنی نرخ و بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان و خاوەن کارەکان، بڕیارماندا بە هەڵگرتنی باج لەسەر هاوردەکردنی بەرهەمەکانی:  خەیار، تەماتە، باینجان، بامیەو بیبەر."

ئاوێنە: بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"دوابەدوای بەدواداچون بۆ بازاڕەکانی عەلوەی سەوزەو میوە لە هەرێمی کوردستان و بەهۆی کەمبونەوەو بەرزبونەوەی نرخی بەرهەمەکانی (خەیار، تەماتە، باینجان، بامیە و بیبەر) بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخی ئەو بەرهەمانە، بریارماندا بە هەڵگرتنی باج لەسەر هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانەی ئاماژەی پێکراوە لەرێکەوتی 1ی 10ی 2021ەوە."

ئاماژەی بەوەشداوە كە بۆ ئەم مەبەستە وێنەیەک لە بڕیارەكەیان بە نوسراوی ژمارە (6764) لە (21/9/2021) ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابوری/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرک کراوە بە مەبەستی هەماهەنگی و کاری پێویست و ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندی دارەکان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×