کاکەمین نەجاڕ: ساختەكاری لەکوردستان ناکرێت، چونکە ئامێرەكان بە حیزبی کوردی خەرق ناکرێن
  2021-09-21       603       

كاكەمین نەجاڕ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، حیزبەکەی چاوی لە ئەنجامدانی ساختەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نییە و بڕواشیان بە ساختەکاری نییە، جەخت لەوەشدەکاتەوە ئەو ئامێرانەی بۆ هەڵبژاردن بەکاردەهێنرێن، بە حیزبی کوردی خەرق ناکرێن.

ئاوێنە: کاکەمین نەجاڕ، ئەمڕۆ سێشەممە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا رایگەیاند،"هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە، هەموی جیهازە و لەبەغداوە کۆنترۆڵ دەکرێت، نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپاش چاودێری دەکەن، تەزویر بە ئێمە ناکرێت، ئەوەی تەزویر دەکات، دەبێت لە ناوەند بیکات، یان لەڕێگەی ئەو کۆمپانیایانەی جیهازەکانیان دروستکردوە، بۆیە تەزویرمان پێناکرێت و چاویشمان لە تەزویر نییە."

جەختیشیکردەوە"بایی ئەوەندە ئەندام و دۆست و لایەنگرمان هەیە، گەر بتوانین بیانبەینە سەر سندوقی دەنگدان، پێویستمان بە تەزویر نەبێت، بڕواشمان پێی نییە."

کاکەمین نەجاڕ هۆکاری تۆمەتبارکردنی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی بەهەوڵدان بۆ ئەنجامدانی ساختەکاری بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن گەڕاندەوە، وتی"کاتی هەڵبژاردن، هەمو شت لەپێناو ڕاکێشانی دەنگ دەوترێت، ئۆپۆزسیۆن هەوڵدەدات شتەکانی دەسەڵات بچوک پیشان بدات، دەیەوێ دەسەڵات بەگەندەڵ و ساختەکار ناو ببات، بەحسابی خۆیان، لەم ڕێگەیەوە دەنگ پەیدا دەکەن، بەڵام خۆ چاودێر هەیە."

کاکەمین نەجار وتیشی"تەزویرات لەکوردستان ناکرێت، چونکە جیهازەکان بە حزبی کوردی خەرق ناکرێن، مەگەر لە ناوەند یان دەوڵەتێک بیکات، ئەگینا چۆن تەزویر لەو هەمو جیهازە دەکرێت."

سەبارەت بەوەی مەبەستی چیە لە ئاماژەکردن بۆ دەستوەردانی دەوڵەت و ئەنجامدانی ساختەکاری لەلایەن دەوڵەتەوە، بێ ئەوەی ناوی دەوڵەتەکە بهێنێت، مەکتەب سیاسیەکەی پارتی وتی"مەبەستم ئەوەیە، ئێمە ناتوانین جیهازەکان خەرق بکەین، تا خەڵک بڵێن، تەزویر دەکەن، جیهاز بە ئێمە خەرق ناکرێت، گەر پێشمان بکرێت، نایکەین."

پارتی دیموکراتی کوردستان بانگەشەی گەڕانەوە بۆ بەغدا بە بەهێزی دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان ئاماژە بەخواستی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار دەکەن، لەو بارەیەوە کاکەمین نەجاڕ وتی"گەر پارتی بەهێز بێت، بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا باشتر دەبێت، قەینا لەکاتی هەڵبژاردن و بانگەشەدا، حیزبی کوردی ڕکابەری یەک دەکەن و شت دەڵێن، بەڵام باشتر وایە، دوای هەڵبژاردن، پێکەوە بگەڕێینەوە بۆ بەغدا و یەکڕیز و تەبا بین."

لەکۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کاکەمین نەجاڕ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشبینیکرد زۆرینەی کورسیەکانی هەولێر و دهۆک بەدەستبهێنن، وتی"ناتوانین ژمارەی کورسی بڵێین، چونکە گەر تۆ بڵێی هێندە کورسی دەهێنم، ئیتر هەڵبژاردن بۆچی دەکرێت، بەڵام پشت بەست بە دۆست و لایەنگرانمان، زۆربەی کورسیەکان دەبەینەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×