بەرهەم ساڵح: داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەم هاوكارمان بن لە گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكانی عێراق
  2021-09-23       235       

بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە وتەیەكدا لە كۆبونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکاندا رایگەیاند، عێراق گیرۆدەی دیاردەی گەندەڵییەو تا لە جەنگی بەگژداچونەوەی گەندەڵیشدا سەركەوتن بەدەستنەهێنێت، دۆخی وڵات باشتر نابێت. داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد هاوكارییان بن بۆ ئاشكراكردن و گێڕانەوەی ئەو پارە بەتاڵانبراوانەی كە براونەتە دەرەوەی عێراق.

ئاوێنە: بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق، لە وتەكەیدا كە بەشێكی بەرچاوی بۆ دیاردەی گەندەڵی لە وڵاتەكەی تەرخانكردبو، رایگەیاند"وڵاته‌كه‌مان گیرۆده‌ی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵییه‌، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌و جه‌نگ و ململانێی و توندوتیژییه‌یه‌ كه‌ به‌ میرات بۆمان به‌جێماوه‌ و زۆرێك له‌ خێروبێری وڵاته‌كه‌مانی به‌فیڕۆ داوه‌و هاوڵاتییه‌كانیشی له‌ سودمه‌ندبون له‌و خێروبێره‌ بێبه‌ش كردوه‌."

سەرۆككۆماری عێراق وتیشی"له‌مڕۆدا به‌گژداچونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بۆ عێراق جه‌نگێكی نیشتمانییه‌و تا له‌و جه‌نگه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست نه‌هێنین دۆخی وڵاته‌كه‌مان باشتر نابێت. بۆیه‌ ده‌بێت سه‌رچاوه‌و ده‌روازه‌كانی گه‌نده‌ڵی سنوردار و بنبڕ بكه‌ین. ئه‌و پاره‌ و سامانانەش بگێڕینه‌وه‌ كه‌ به‌ تاڵان براونه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و به‌شێكی زۆری ئه‌و پاره‌یه‌ش بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ توندوتیژی و پشێوی له‌ وڵاته‌كه‌ماندا خراوه‌‌نه‌ته‌گه‌ڕ. بۆیه‌ تاكه‌ بژارده‌مان له‌و جه‌نگه‌دا ته‌نها سه‌ركه‌وتنه‌."

ئاماژەی بەوەدا"له‌ ئێستاشدا كار له‌سه‌ر پڕۆژەیاسای (گیڕانه‌وه‌ی پاره‌ به‌تاڵانبراوه‌كان) ده‌كه‌ین و حكومه‌تی عێراقیش له‌م بواره‌داو له‌ پێناو هه‌ماهه‌نگی و یه‌كخستنی هه‌وڵ و كۆششه‌كان كۆنگره‌یه‌كی ساز كرد."

بەرهەم ساڵح وتیشی"لێره‌وه‌ داوا له‌ دۆستانمان له‌ كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌م یارمه‌تیمان بده‌ن له‌ ئاشكراكردن و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌ به‌تاڵانبراوانه‌ی براونه‌تە ده‌ره‌وه‌ی عێراق. ئه‌م هه‌نگاوه‌ش‌ یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت له‌ به‌گژداچونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیدا."

هەروەك داواشی كرد كە "هاوپه‌یمانییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ گه‌نده‌ڵی پیكبهێنرێت."و وتیشی"ته‌نها به‌ كۆتاییهێنان به‌ گه‌نده‌ڵی ده‌توانین به‌سه‌ر تیرۆردا سه‌ربكه‌وین، به‌و پێیه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی و تیرۆر دو روی یه‌ك دراون و گرێدراوی یه‌كترن و خزمه‌تی یه‌كتر ده‌كه‌ن و به‌رده‌وامیش به‌ یه‌كتر ده‌دەن."


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×