عارف تەیفور: پێشبینی دەكەین یەكێتی لە سلێمانی ساختەكاری بكات
  2021-09-24       1030       

عارف تەیفور ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی-هەڵەبجە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تۆمەتباردەكات بەوەی كە هەوڵی ئەوە دەدات لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ساختەكاری بكات و دەشڵێت"لە ئێستاوە لە قسەكانیاندا دیارە كە پڕۆژەی ساختەكارییان لە بەردەستدایە."

ئاوێنە: عارف تەیفور، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی وشە، نزیك لە پارتی، رایگەیاندوە"سلێمانی زۆر گرنگە لامان، لە بنەڕەتدا سلێمانی زێدی پارتییە، پارتی كە دامەزراوە لە سلێمانییەوە دەستی پێ كردوە."

هەروەها وتوشیەتی"سەرەڕای رێگرییەكان كە لە ئێمە دەكرێت، لایەنی دەسەڵات لە سنورەكە خزمەتی سلێمانی ناكات، لەبەرئەوە دۆخی سلێمانی لە حاڵەتێكی زۆر خراپدایە و پێویستی بە هەمو خزمەتێك هەیە."

لەبارەی ئەوەی كە ئایا یەكێتی دەتوانێ لەم هەڵبژاردنەدا ساختەكاری بكات؟ عارف تەیفور وتویەتی"پێشبینی ئەوە دەكەین ساختەكاری بكرێت لە سنورەكەدا، وەك پارتی ئەوەمان پێ دەكرێت كە ساختەكاریان كرد ئاشكرایان بكەین و لایەنی پێوەندیدار ئاگادار بكەینەوە، بەڵام ناتوانین رێگرییان لێ بكەین، چونكە ئەوان شێوازی خۆیان هەیەو بە هەمو شێوەیەك دەتوانن ساختەكاری بكەن، پێدەچێ ساختەكاری بكەن و هەوڵی بۆ دەدەن، لە ئێستاشەوە لە قسەكانیاندا دیارە كە پڕۆژەی ساختەكارییان لە بەردەستدایە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×