2021-09-24   893     
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگه‌یاندووه، مه‌فره‌زه‌كانی به‌شی پۆلیسی ناوشار ڕۆژئاوا - بنكه‌ی پۆلیسی سه‌رچنار 13 تۆمه‌تباریان ده‌ستگیركردووه كه له‌یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌دا له‌سه‌رچنار شه‌ڕیان كردووه.
ئاوێنه: به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوی پۆلیس، پاش ئه‌وه‌ی شه‌وی ڕابردوو له‌یانه‌یه‌كی شه‌وانه له‌سه‌رچنار شه‌ڕو پشێوی دروستبوو له‌نێوان چه‌ند كه‌سێكداو بووه هۆی برینداربوونی دوو كه‌س به‌فیشه‌ك، ده‌سته‌به‌جێ هێزه‌كانی پۆلیس گه‌یشتنه شوێنی ڕووداوه‌كه‌و شه‌ڕه‌كه‌یان كۆنتڕۆڵكرد، هه‌روه‌ها دوای وه‌رگرتنی بڕیاری به‌ڕێز دادوه‌ر، مه‌فره‌زه‌كانی بنكه‌ی پۆلیسی سه‌رچنار 13یان تۆمه‌تبار ده‌ستگیركرد كه به‌شداربوون له‌شه‌ڕه‌كه‌دا. ده‌ستیشگیرا به‌سه‌ر چه‌كێكدا له‌جۆری ده‌مانچه كه به‌تۆمه‌تباره‌كان بووه.
ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش كراوه كه پاش ده‌ستگیركردن‌و پشكنینی تۆمه‌تباره‌كان، ده‌ركه‌وت كه یه‌كێك له‌تۆمه‌تباره‌كان هه‌ڵگری بڕێك مادده‌ی هۆشبه‌ره، بۆیه په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ كرایه‌وه‌و ڕه‌وانه‌ی دادوه‌ر كرا.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو كه له‌ئێستادا سه‌رجه‌م تۆمه‌تباره‌كان به‌بڕیاری به‌ڕێز دادوه‌رو به‌پێی مادده‌كانی 405 و 31 له‌یاسای سزادان ڕاگیراون‌و لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وامه.
پۆلیسی سلێمانی ڕاشیگه‌یاندووه، هه‌روه‌ها فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ چوار تۆمه‌تباری دیكه ده‌رچووه كه له‌شه‌ڕه‌كه‌دا به‌شداربوون‌و له‌ئێستادا هێزه‌كانی پۆلیس له‌هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌و ده‌ستگیركردنیان.