نێچیرڤان بارزانی: 100 ساڵە بەغدا نایەوێت كێشەكانی گەلی كوردستان چارەسەربكات
  2021-09-25       409       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، گەلی کوردستان 100 ساڵە زۆریان چەشتوە، دوای سەدەیەکیش هێشتا گەلی کوردستان هەر گیرۆدەی بەدەستهێنانی مافەکانییەتی. ئاماژەی بەوەشدا كە هەر لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە، لە بەغدا عەقڵیەتی هێز حاکم بوەو وتیشی: 100 ساڵە بەغدا نایەوێت کێشەکانی گەلی کوردستان چارەسەر بکات.

ئاوێنە: ئەو قسانەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە کۆنفرانسی (عێراق: قەدەرێکی تراژیدی)دا هاتن كە ئەمڕۆ شەممە لە هەولێر دەستیپێكرد.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە 100 لەمەوبەر عێراق و دەوڵەتانی ناوچەكە بەشێوەیەكی ناسروشتی و بێ لەبەرچاوگرتنی خواست و مافەكانی گەلی كوردستان دامەزران.

وتیشی"گەلی کوردستان بە هەمو پێکهاتەکانییەوە ئەوە 100 ساڵە زۆریان چەشتوە، بەداخەوە دوای سەدەیەکیش هێشتا گەلی کوردستان هەر گیرۆدەی بەدەستهێنانی مافەکانییەتی. وەک چۆن هەمیشە ترسی لە رابردو هەبوە، ئەمڕۆش هێشتا ترسی لە ئێستا و داهاتو هەیە."

ئەوەشی خستەڕو"عێراق وڵاتێکی فرەئایینی و نەتەوەییە، بەبۆچونی من کێشەی سەرەکیی عێراق وەک هەر وڵاتێکی فرەنەتەوە و مەزهەب بریتییە لە کێشە لەسەر دەسەڵات. ئەوەش دیاردەیەکی سروشتییە کە لە وڵاتێکی وادا لایەنە سیاسییەکان بۆچون و رای جیاوازیان هەبێت. ئەوەش کاتێک دەبێتە گرفت کە لایەنێک بیەوێت بۆچونی خۆی بەسەر هەمو لایەنەکانی دیکەدا بسەپێنێت، یان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز یان سزا ببات، رێک وەک ئەوەی هەمیشە لە عێراق رویداوە."

جەختیشی كردەوە "هەر لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی 1921ـەوە، لە بەغدا عەقڵیەتی هێز حاکم بوە. کە ئەو هەمو کارەسات و نەهامەتیەی بەسەر ئەم وڵاتەدا هێناوە... ئەگەر ئەو عەقڵیەتە نەبوایە ئێستا یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکانی ناوچەکە دەبو."

ئاماژەی بەوەشدا "100 ساڵە لە عێراق هەمان هەڵە دوبارە دەکرێتەوە، وانە لە ئەزمونی تاڵ و شکستی دوای شکست لە شەڕی دوای شەڕ و لەو هەمو باج و ماڵوێرانییە دەرس وەرناگیرێت."

لەكۆتاییشدا وتی"کورد، کۆدو کلیلی چارەسەکردنی کێشەکانی عێراق و کێشەکانی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ بەغدا، 100 ساڵە بەغدا نایەوێت کێشەکانی گەلی کوردستان چارەسەر بکات، 100 ساڵە عێراق نائارام و ناسەقامگیرە، 100 ساڵە هەمو توانا و دەوڵەمەندییەکانی عێراق بۆ کڕینی چەک و شەڕ خەرج دەکرێت، جگە لە ماڵوێرانی و کارەسات و مەینەتی بێ بڕانەوە، هیچی دیکە بۆ عێراق نەهاتوەتە دی."

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×