میدیای یەکێتی: پارتی و نەوەی نوێی ڕێككەوتنێكی نهێنیان ئەنجامداوە
  2021-09-25       1724       

میدیای فەرمی و زمانحاڵی یەکێتی دەڵێت، "پارتی و نەوەی نوێیەكەی شاسوار عەبدولواحید لە بازنەی 1ی هەولێر ڕێككەوتنێكی نهێنیان تایبەت ئەنجامداوە و عەرابی رێككەوتنەكەش سەركردایەتی پارتی پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێوە بووە كە ژنەكەی لەو بازنەیە كاندید بووە."  

ماڵپەری PUKMedia لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەک دەڵێت، "ڕێكەوتنەكە بەجۆرێك بووە بەهیچ شێوەیەك نابێت نەوەی نوێ لە بازنەی 1ی هەولێر كە قەزاكانی (شەقڵاوە، سۆران، مێرگەسۆر، رواندزو چۆمان) دەگرێتەوە، هیچ ژنێك كاندید بكەن."  

دەشڵێت، "پێشتر بڕیار بوو كە (وەزیرە ئەحمەد) خێزانی كاوە عەبدولقادر-ی پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان لە بازنەی 1ی هەولێر كاندید بكات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و هەموو شتێكیش تەواو بوو بوو، بەڵام دواتر بەپێی رێككەوتنێكێ نهێنی نێوانیان كە عەرابی رێككەوتنەكە ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی بووە بەناوی (ع.ح) ئاڵۆگۆڕ بەو كاندیدە كراوەو گواستراوەتەوە بۆ بازنەی 2 هەولێرو كاندیدەكەی بازنەی 2ی هەولێریش هێنراوەتە بازنەی 1 ی سۆران."  

باسی لەوەشکردووە، "ڕێككەوتنەكە لەسەر داوای پارتی و بەئاگاداری شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بووەو لەڕێی كاوە عەبدولقادرەوە كراوە."  

میدیای یەکێتی باسی لەوەشکردووە کە "كاوە عەبدولقادر لەو بەرپرسەی پارتیەوە نزیكەو پەیوەندی خزمایەتی و كۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا هەیەو زوو زووش یەكتر دەبینن.،  

ڕاپۆرتەکە ئامانجی پارتی لەو ڕێككەوتنە بۆ چەند ئامانجێك گەڕاندووەتەوە كە بریتین لەمانە:  
1- بۆ ئەوەی بەئاسانی و بەكەمترین دەنگ كاندیدە ژنەكەی پارتی كە ناوی (جوان عەبدوڵڵا عومەر)ە لەو بازنەیە بەسیستمی كۆتا دەربچێت.  

2- بۆ ئەوەی دەنگەكانی لیستی هاوپەیمانی لەو بازنەیە پەرت بكات لەبەرژەوەندی خۆی، تا بتوانێت شەڕی سەرخستنی سێ كاندیدە پیاوەكەی بكات لەبەرامبەر فەیسەڵ كەریم خان برادۆستی.  

3- بۆ ئەوەی لەبازنەی دووی هەولێر (كۆیە، خەبات و بنەسڵاوە) رێگە بگرێت لە دەرچواندنی كاندیدە ژنەكەی یەكێتی و گۆڕان، چونكە خێزانی كاوە عەبدولقادر گواستراوەتەوە بۆ ئەو بازنەیە.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×