كۆمپانیایەكی بەریتانیایی: بۆ وەرگرتنی پڕۆژەی نەوتی لە عیراق بەرتیلمانداوە
  2021-09-25       298       

گرووپی كۆمپانیاكانی (پێترۆفاك)ی بەریتانیایی دان بەوەدا دەنێت، لەنێوان ساڵانی 2012 تا 2015 بەرتیلی داوە، تا ژمارەیەك پڕۆژەی نەوتی لە عیراق و سعودیە و ئیمارات وەربگرێت.

ئاوێنه‌: نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەكانی فێڵكردن لە بەریتانیا لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، گرووپی كۆمپانیاكانی (پێترۆفاك) كە وەبەرهێنان لەكەرتی نەوت دەكات، لە دادگا ئامادەبووە و حەوت تاوانی بەرتیلدانی ڕووبەڕووكراوەتەوە، كە لەنێوان ساڵانی ساڵانی 2012 تا 2015 بەمەبەستی وەرگرتنی چەند پڕۆژەیەكی نەوتی بەرتیلی داوەتە بریكارەكانی لە عیراق و سعودیە و ئیمارات.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆمپانیای (پێترۆفاك) دانی بەوەدا ناوە كە ڕێگری نەكردووە لە كارمەندەكانی كاتێك بەرتیلیان داوەتە بریكارەكانیان بۆ وەرگرتنی پڕۆژەكانی نەوت لە عیراق و سعودیە و ئیمارات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای داننان بەتاوانەكانی لەگەڵ (پێترۆفاك) گەیشتوونەتە ڕێككەوتن بۆ ئەوەی گفتوگۆ بكەن لەسەر كەمكردنەوەی سزاكانیان.

بەگوێرەی زانیارییەكانیش لەو ماوەیەدا گرووپی كۆمپانیاكانی (پێترۆفاك)ی بەریتانیایی زیاتر لە 3 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری وەك بەرتیل داوەتە بریكارەكانی تاوەكو ژمارەیەك پڕۆژەی نەوتی لە عیراق و سعودیە و ئیمارات مسۆگەر بگات.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×