نازم دەباغ: کۆنگرەکەی هەولێر ئێرانییەكانی نیگەران كردووە
  2021-09-28       707       
نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئێران رایگەیاند، ئەو کۆنگرەیەی هەینی رابردوو لەشاری هەولێر بەسترا و تیایدا داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیل کرا "نەدەبوو لەم كات و ساتەدا و لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت، چونكە ئەو كۆنگرەیە ڕەنگدانەوەی خراپی هەبوو هەروەها ئێرانییەكانیشی نیگەران كردووە، ئێمەش لای خۆمانەوە ڕوونكردنەوەی پێویستمان داوە."

ئاوێنە: نازم دەباغ بەمیدیای یەکێتی راگەیاندوە، لەسەر ئەو کۆنگرەیەی هەینی رابردو لەلایەن ژمارەیەک سەرۆک عەشیرەتی عەرەب لەهەولێر بەڕێووەچو، "ئێمە لە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگهێشت نەكراوین چونكە ئەوە كەناڵ و ڕێگای دیكەی هەیە كە دەكرێت لە ڕێگەی كونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بكرێت."

باسی لەوەشکردوە، "بەستنی ئەو كۆنگرەیە لەم كات و ساتەدا و لە شاری هەولێر ڕەنگدانەوەی خراپی بەدوای خۆیدا هێناوە و ئێرانییەكانیشی نیگەران كردووە، بۆیە وروژندنی ئەم بابەتە لەم كاتەدا و لە شاری هەولێر دەبێت لێكۆڵینەوەی زیاتری لەسەر بكرێت و هەروەك بینیشمان لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمەوە ئیدانەی ئەم جۆرە كارە كرا بەڵام دەبێت لێكۆڵینەوەی زیاتر و وردتری تیادا بكرێت."

لەبارەی کاردانەوەی کۆنگرەکەش لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران نوێنەرەكەی حكومەتی هەرێم ئەوەی خستوەتەڕو، لەلایەن كەناڵە ڕاگەیاندنەكانی ئێرانەوە پرسیاری زۆریان لەسەر ئەم بابەتە لێكراوە، ئەوانیش ڕوونكردنەوەی پێویستیان داوە و هەڵوێستی فەرمی حكومەتی هەرێمیان بۆ ڕوونكردونەتەوە و بەستنی ئەو كۆنگرەیەیان بە هەڵوێستی فەرمی حكومەتی هەرێم نەزانیوە.

ژمارەیەک کەسایەتیی عەرەب رۆژی هەینی لە شاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و لەنێو ئەو کۆبوونەوەیدا، پشتگیری خۆیان راگەیاند بۆ ئەوەی عێراق پەیوەندیی فەرمی لەگەڵ ئیسرائیل ببەستێت، ئەمڕۆش جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئاگادار نەکرابووینەوە لە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە و بەبێ زانیاری و رێگەپێدانی ئێمە کراوە."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×