نوسینگەی موقتەدا سەدر: زیاتر لە 80 کورسیمان بەدەستهێناوە
  2021-10-11       618       

نوسینگەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، رەوتەکەیان لە هەڵبژاردنەکەی 10ی تشرینی یەکەمدا زیاتر لە 80 کورسی بەدەستهێناوە و ئەو ژمارەیەش پێشبینی زیاتربونی دەکەن، بەو پێیەش رەوتی سەدر دەبێتە گەورەترین فراکسیۆن لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق.

ئاوێنه‌: ئیبراهیم جابری، بەڕێوەبەری نوسینگەی موقتەدا سەدر لەلێدوانێکدا رایگەیاند، رەوتەکەیان سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکردوە و تاوەکو ئێستا 80 کورسی مسۆگەر کردوە، لەگەڵ جیاکردنەوەی دەنگەکانیش پێشبینی دەکەن ئەو ژمارەیە زیاتر بەرزببێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بە بەدەستهێنانی 80 کورسی پەرلەمان رەوتی سەدر دەبێتە گەورەترین فراکسیۆن لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق.

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان کاندیدەکانی رەوتی سەدر لە زۆرینەی بازنەکانی بەغدا دەنگی یەکەمیان بەدەستهێناوە، هەروەها لەبەسڕە، کەربەلا، زیقار و چەند پارێزگایەکی دیکەش زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

لای خۆیەوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە پەرلەمانییەکەی 10ی تشرینی یەکەم گەیشتوەتە 41% و کاتژمێر 3:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممەش ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە رادەگەیەنن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×