ئەنجامی بەرایی.. سەدر بەجیاوازییەكی زۆر یەكەمە
  2021-10-11       1017       

بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران، بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو گۆڕانكاریی گەورە بەسەر دەنگی لایەنە عێراقییەكاندا هاتووە.

ئاوێنه‌: ئەنجامە بەراییەكان دەریدەخەن كە ڕەوتی سەدر بە ڕێبەرایەتیی موقتەدا سەدر 65 كورسی مسۆگەركردووە، لەكاتێكدا خوودی ڕەوتەكە باس لە بەدەستهێنانی نزیكەی 80 كورسی دەكات.

هاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆكایەتیی هادی عامری كە چەندین گروپی سەر بە حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت 38 كورسی بەدەستهێناوە.

بەپێی زانیارییەكان و ئامارە بەراییەكان، دەنگەكانی دەوڵەتی قانون بەسەرۆكایەتیی نوری مالكی بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمیانكردووە و توانیویەتی تەنها 20 كورسی بەدەستبهێنێت.

هەر بەپێی ئەنجامە بەراییەكان، “هاوپەیمانیی عەزم” كە بەشێك لە سوننەكان لەخۆدەگرێت و خەمیس خەنجەر سەرۆكایەتی دەكات 20 كورسی مسۆگەركردووە و “تەقەددوم” بەسەرۆكایەتیی محەمەد حەلبووسی 18 كورسی بەدەستهێناوە.

هەروەك ڕەوتی حیكمە بەسەرۆكایەتیی عەمار حەكیم 12 كورسی بەدەستهێناوە و چاوەڕوانی یەكلاییبوونەوەی سێ كورسی دیكەیە.

“بزوتنەوەی ئیمتیداد” كە نوێنەرایەتیی خۆپیشاندەرانی تشرین دەكات، نۆ كورسی مسۆگەركردووە و باس لەوە دەكرێت كە تەنها لە پارێزگای زیقار (یەكێك لە گەورەترین مەڵبەندەكانی خۆپیشاندانەكان) پێنج كورسی بەدەستهێناوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×