لیستەكانی سەر بە حەشدی شەعبی هەڕەشەدەكەن
  2021-10-12       439       

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران، چەندین حزب و لایەنی عێراقی و لەسەروو هەمووشیانەوە لایەنەكانی سەر بە حەشدی شەعبی تووشی شۆككردووە، بەوپێیەی دەنگەكانیان بەڕێژەی بەرز كەمیانكردووە.

ئاوێنە:بەپێی ئەنجامە بەراییەكان، ڕەوتی سەدر بەسەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر 73 كورسی و هاوپەیمانیی “تەقەدوم” بەسەرۆكایەتیی محەمەد حەلبووسی 41 كورسی و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتیی نوری مالكی 37 كورسییان بەدەستهێناوە.

لەكاتێكدا ئەو لیست و هاوپەیمانێتییانەی سەر بە حەشدی شەعبین، كەمترین دەنگیان بەدەستهێناوە و هەندێكیان تا ئاستی یەك كورسی دەنگەكانیان كەمیانكردووە، بۆیە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕەتدەكەنەوە و هەڕەشەدەكەن كە لەئاست ئەو پرسەدا بێدەنگنابن و بە هەرچ نرخێك بێت داكۆكی لە دەنگەكانیان دەكەن.

دوای سەردانەكەی دوێنێی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ بەغداد، بەشێك لە گروپەكانی سەر بە حەشدی شەعبی لەبارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە هاتنەدەنگ.

كەتائیبی حزبوڵڵای عێراق لەزاری ئەبو عەلی عەسكەری، كە وتەبێژی سەربازیی ئەو گروپەیە ڕایگەیاند، “ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕوویدا گەورەترین پرۆسەی هەڵخەڵەتاندن و بازدانە بەسەر گەلی عێراقدا”.

لە ڕاگەیەندراوێكدا وتەبێژە سەربازییەكەی حزبوڵڵا بەپێویستی زانیوە “حەشدی شەعبی خۆی كۆبكاتەوە و ئامادەبێت بۆ بەرگری لە قەوارە پیرۆزەكەی”، هەروەها داوای لە هاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆكایەتیی هادی عامری، هێزەكانی دەوڵەتی نیشتمانی بەسەرۆكایەتیی عەممار حەكیم و پەیمانی نیشتمانی بەسەرۆكایەتیی فالح فەیاز كردووە “نەرمی نەنوێنن”، چونكە “هەوڵ و ماندووبوونیان دزراوە”.

عەسكەری لە ڕاگەیەندراوەكەیدا دەڵێت، “بەهەموو جەربەزەیی و پێداگیرییەكەوە دەوەستین لەپێناو گەڕاندنەوەی دۆخەكە بۆ ڕێڕەوە ڕاستەكەی، ڕێگە بەهیچ كەسێك نادەین ڕۆڵەكانی عێراق بچەوسێنێتەوە یاخود سەركزیان بكات”.

وتەبێژی سەربازیی كەتائیبی حزبوڵڵای عێراق داوا لە “مقاوەمەی عێراقی” دەكات “خۆی بۆ قۆناغێكی هەستیار ئامادەبكات و حەشدی شەعبی جەربەزانە خۆی كۆبكاتەوە و ئامادەبێت بەرگری لە قەوارەكەی بكات”.

هاوكات هادی عامری ڕێبەری هاوپەیمانیی فەتح كە باڵێكی بەهێز و سەرەكیی حەشدی شەعبییە، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ڕەتكردەوە و ڕایگەیاند، “بەم ئەنجامە شێوێندراوانە قایلنین و بە هەرچ نرخێك بێت بە هەموو هێزێكمانەوە بەرگری لە دەنگی كاندیدەكانمان و دەنگدەرانمان دەكەین”.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×