کۆمسیۆن دەرگای‌ تانەدانی‌ لەئەنجامەکانی‌ هەڵبژاردن کردەوە
  2021-10-12       448       
دەرگای‌ تانەدان لەئەنجامی‌ هەڵبژاردنی‌ خولی‌ پێنجەمی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق  کرایەوە، کۆمسیۆنی‌ هەڵبژاردنەکانیش وردەکاری‌ چۆنیەتی‌ پێشکەشکردنی‌ تانەکان و وەڵامدانەوەیان ئاشکرا دەکات.

ئاوێنه‌: جومانە غەلای‌، وتەبێژی‌ کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەکانی‌ عێراق بەئاژانسی‌ هەواڵی‌ فەرمی‌ عێراقی‌ راگەیاندووه‌، لەئەمرۆوە دەرگای‌ تانەدان لەئەنجامی‌ هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی‌ عێراق دەکرێتەوەو ماوەی‌ سێ رۆژیش بۆ وەرگرتنی‌ تانەکان دیاریکراوە.

راشیگەیاندووه‌، کاندید یاخود لایەنی‌ سیاسی‌ دەتوانێت لەماوەی‌ سێ رۆژدا تانە لەئەنجامی‌ بەرایی‌ هەڵبژاردنەکان بدات، تانەکانیش پێشکەشی‌ ئۆفیسی‌ سەرەکی‌ کۆمسیۆن یاخود ئۆفیسی‌ پارێزگاکان، یاخود بەشێوەی‌ راستەوخۆ ئاراستەی‌ دەستەی‌ دادوەری‌ دەکرێن.

سەبارەت بەوەڵامدانەوەی‌ تانەکانیش، وتەبێژەکەی‌ کۆمسیۆنی‌ هەڵبژاردنەکانی‌ عێراق رونیکردەوە، ئەنجومەنی‌ کۆمسیاران لەماوەی‌ حەوت رۆژدا بەدواداچون بۆ تانەکان دەکات و وەڵامی‌ دەستەی‌ داوەری‌ هەڵبژاردن دەداتەوە، لەدوای‌ ئەو ماوەیەش لە ماوەی‌ 10 رۆژدا دەستەی‌ دادوەری‌ هەڵبژاردن وەڵامی‌ سەرجەم تانەکان دەداتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×