باڵیۆزی ئێران لەبەغدا: فەرماندەی فەیلەقی قودس سەردانی عێراقی نه‌کردوە
  2021-10-13       273       

دوای ئاشکراکردنی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنە پەڕلەمانییەکەی عێراق، دەنگۆی هاتنی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران بۆ بەغدا بڵاوبۆوە، لەبەرامبەریشدا باڵیۆزی ئێران لەبەغدا لەتویتێکدا، هاتنی قائانی بۆ عێراق ڕەتده‌كاته‌وه‌.

ئیرەج مەسجیدی باڵیۆزی ئێران لەبەغدا لەتویتێکدا وتویەتی:"ئەو دەنگۆیانەی باس لەوەدەکەن کە لەمدواییەدا ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسداران سەردانی عێراقی کردوە، ڕاست نییە.

لەبەشێکی تری تویتەکەی مەسجیدیدا هاتوە، "لەمدواییەدا قائانی نەهاتۆتە عێراق، ئەو هەواڵەی لەبەشێک لەدەزگاکانی ڕاگەیاندن‌و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە دورە لەڕاستییەوە".

لەماوەی ڕابردودا بەشێک لەمیدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، قائانی دوای 24 کاتژمێر لەهەڵبژاردنە پەڕلەمانییەکەی عێراق کە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بەڕێوەچوو، بەنهێنیی سەردانی بەغدای کردوەو لەگەڵ لایەنە شیعییەکاندا کۆبۆتەوە.

هەر سەبارەت بەو بابەتە، ڕۆژی دوشەممە مەشریق عەباس ڕاوێژکاری تایبەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لەماوەی 48 کاتژمێری ڕابردودا هیچ بەرسێکی بیانی سەردانی عێراقی نەکردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×