عەدنان عوسمان: گۆڕان بڕیاریداوە گۆڕانکاری لە قیادەی بەڕێوەبردن و وتاری سیاسی و میدیایی بكات
  2021-10-13       897       


عەدنان عوسمان، سکرتێری پێشوی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان رایگەیاند، ئەوانەی لە 2015 بەدواوە سەروکاری گۆڕانیان گرتە دەست، "نە گۆڕان بون و نەئەیانزانی گۆڕان خاوەنی چ خەسڵەتێکە".

ئاوێنه‌: عەدنان عوسمان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق کە گۆڕان نەیتوانی هیچ کورسییەک بەدەستبهێنێت، نوسیویەتی، "پێموایە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان، لیستی بێدەنگی بایکۆت بو، رێژەکە بە وشیاریەوە لە هەڵکشانەو ئاماژەیە بۆ ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی پەنگخواردو".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "شکستخواردوش ئەوانەبون کە هیچ نرخێکیان بۆ هەڵوێست دانەناو چاویان لە ئاست راستیەکان توند نوقاندبو".

عەدنان عوسمان لەبارەی گۆڕانەوە دەڵێت، "زۆر بە کورتی: ئەوانەی لە 2015 بەدواوە سەروکاری گۆڕانیان گرتە دەست، نە گۆڕان بون و نەئەیانزانی گۆڕان خاوەنی چ خەسڵەتێکە".

10ی ئەم مانگە، دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچو، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، بزوتنەوەی گۆڕان هیچ کورسییەکی پەرلەمانی عێراقی بەدەستنەهێناوە.

دوێنێش لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی، بە سەرۆکایەتی عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە کۆبونەوەی جڤاتی گشتی بەڕێوەچو، بڕیاریشە ئەمڕۆ کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بەڕێوەبچێت.

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، گۆڕان بڕیاریداوە گۆڕانکاری لە قیادەی بەڕێوەبردنی گۆڕاندا بکات و هەروەها دەستکاری گوتاری سیاسی و میدیایی گۆڕان دەکرێت، پاشان گفتوگۆ لەسەر هاتنە دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لەراگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردوە، "‎بە راشکاوی دەڵێین کە پێویستمان بە گۆڕانکاری و بەخۆداچونەوەی ریشەیی بزوتنەوەکە و سیاسەتەکانی ھەیە، چونکە دەنگدەرانمان ھەڵوێستیان وەرگرتوە و زۆرینەیان بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردوە، وەکچۆن زۆرینەی ھاوڵاتیان ھەمان شتیان کردوە".

خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان دەڵێت، "‎ئەم واقعە تاڵەش، پێویستی بە بڕیار و ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە، ئێمە ئامادەین ئەو بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆ بگرین و، لە نزیکترینکاتدا گۆڕانکاری ریشەیی دەکەین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×