ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم قسە لەسەر دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین دەکات
  2021-10-13       399       

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان "جێبەجێکردنی بڕیاری دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین" تاوتوێ دەکات.  
  
ئاوێنه‌: ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2021، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات. 

بەپێی ڕاگەیەنراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە ئەنجومەنی وەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:  

یەکەم: پەیامی ئەنجومەنی وەزیران بە بۆنەی کۆتاییهاتنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، و سوپاسی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بۆ بەشداریکردنیان لە پڕۆسەکە، و سوپاسی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ لە دابینکردنی کەشێکی ئارام بۆ دەنگدان، و پەیامی ئەنجومەنی وەزیران بۆ یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لە پێناوی بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دوور لە ململانێی ناوخۆیی بە ئاڕاستەی داکۆکی لە مافە دەستوورییەکان.  

دووەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین بە هەماهەنگی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕال.  

سێیەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون سەبارەت بە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە چاکسازی و ڕێکخستنەوەی بواری باج لە هەرێمی کوردستان کە تیایدا چەند ڕاسپاردەیەک بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان خراونەتەڕوو.  

چوارەم: خستنەڕووی پێشنیاری ڕاسپاردنی هەریەک لە بەڕێزان (وەزیری داد، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران) بۆ بەدواداچوونی ئەو داوا یاساییانەی کە لە دادگای باڵای فیدراڵی پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستان و ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم داوایانە.

  
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×