ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران
  2021-10-13       296       

لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا، تاوتوێی هەوڵەكانی دابینكردنی نەوتی سپی و بەنزین بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیرانی نەوتی عێراق كراو هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت رایگەیاند، پێویستە لەمەوبەدوای نوێنەرانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق یەكڕیزبن و حكومەتی هەرێشمیش ئامادەیە بۆ هەر هەماهەنگییەك لەگەڵیاندا بە هەمو جیاوازی و رەنگەكانیانەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، سەرۆکایەتی کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد.

سەرۆک وەزیران، لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا، بەبۆنەی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و گشت لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن کردو سوپاسی پێشمەرگەو پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی بە گشتی کرد کە ئەرکی خۆیان سەرکەوتوانە بەجێگەیاند لە ڕەخساندنی زەمینەیەکی ئارام بۆ پرۆسەی دەنگدان.

سەرۆک وەزیران، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە نوێنەرانی کوردستان، لێرە بەدواوە، لە پەرلەمانی عێراق، بەیەکەوە یەکگرتوانەو بەهەماهەنگیی و یەکڕیزی، کاربکەن لە پێناو داکۆکیکردن لە شایستەو مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان، دور لە ململانێی ناوخۆیی، دوپاتیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیە بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لە گەڵ نوێنەرانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە هەمو جیاوازی و رەنگەکانەوە، بۆ درێژەدان بە کارکردن و هەماهەنگیکردن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، بە ئامانجی دابینکردنی ماف وشایستە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان.

سەرۆک وەزیران، هەروەها ستایشی خۆڕاگری خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کرد و پیرۆزبایی دەرچونی نوێنەرانی کوردی لەو ناوچانەدا کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە ئەنجامی هەڵبژاردن لە ناوچە دابڕێنراوەکان، دوپاتکردنەوەی ناسنامەی کوردستانیبونی ئەو ناوچانەیە، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە، نوێنەرانی کوردستان لە ڕێی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستور، کاربکەن بۆ ئەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە.

پاشان کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکان، ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد كە تایبەت بو بە بەرەوپێشچون و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین، بە هەماهەنگی وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی . 

لە بڕگەی سێیەمی کۆبونەوەکە،سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچون عەبدولحەکیم خەسرەو، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بەدواداچون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی داهاتەکان لە هەرێمی کوردستان خستەڕو، کە چەندین ڕاسپاردەی تێدابو بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، لە پێناو  بەکارهێنانەوەی بۆ خزمەتی گشتی وپڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە.

لە کۆتایی کۆبونەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی هەر یەک لە فەرسەت ئەحمەد وەزیری داد، ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بۆ سەرپەرشتی و بەداواداچونی ئەو داوا یاساییانەی کە لە دادگای باڵای فیدرالی پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستان و ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچون و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو داوایانە، بە ئاراستەی زامنکردنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و داکۆکیکردن بە باشترین شێواز لە ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێم، لە ڕێگای تیمی قانونی شارەزا، لە ژێر ڕێنمایی وسەرپەرشتی ئەنجومەنی وەزیران.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×