پلاسخارت: پشتیوانیمان بۆ كۆمسیۆن لەپێناو دەرچونی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت
  2021-10-13       372       

جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان جەخت لە بەردەوامی پشتیوانییەكانی نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لەعێراق بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵژارنەكان دەكاتەوە لەپێناو دەرچونی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كە دەرخەری ئیرادەی دەنگدەرانی عێراق بێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوازی كردوە لە جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لەعێراق و تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراقیان كردوە كە رۆژی 10ی 10ی 2021 بەڕێوەچو.

كازمی رۆڵی چاودێرو رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا بەرز نرخاندوە.

لای خۆیشییەوە پلاسخارت پیرۆزبایی سەركەوتی هەڵبژاردنەكانی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كردوەو ستایشی ئەو پلانە لوجیستی و ئەمنیانەی كردوە كە لەلایەن حكومەتەوە بۆ هەڵبژاردنەكان دانران كە بەقسەی ئەو، كاریگەرییەكی ئەرێنی لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن و سەركەوتنی هەبوە.

پلاسخارت جەختی كردۆتەوە كە نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق لایەنی پاڵپشتیكاری رێكارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەو پشتیوانییەكانیشی بەردەوام دەبن لە پێناو دەرچونی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەشێوەیەك كە دەرخەری ئیرادەی دەنگدەرانی عێراق بێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×