بكوژی پاسەوانەكەی دەروازە سیتی دەستگیركرا "كوڕی بەرپرسێكی شاری كەركوكە"
  2021-10-14       871       

ئاسایشی سلێمانی، كەمێك لەمەوبەر، رایگەیاند، هێزەكانیان توانیویانە پاش چەند سەعاتێك لە روداوەكەی شەوی رابردوی دەروازە سیتی كە تێیدا پاسەوانێكی ئەو شوێنە كوژرا، بكوژی روداوەكە دەستگیربكەن كە "كوڕی بەرپرسێكی شاری كەركوكە."

ئاوێنە: بە‌ڕێوە‌بە‌رایە‌تی ئاسایشی پارێزگاى سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"پاش ئە‌وە‌ی ھێزە‌كانی ئاسایشی سلێمانی ئاگاداركرانە‌وە‌ لە‌ بونی تاوانێكی كوشتنی كارمە‌ندێكی ئە‌منیی (سكیوریتی) یە‌كێك لە‌ سیتییە‌كانی سلێمانی، ھێزە‌كانمان لە‌سە‌ر راسپاردە‌ی بەڕێز ( قوباد تاڵە‌بانی)، جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، ھە‌وڵە‌كانیان چڕكردە‌وە‌و توانیان پاش چە‌ند سە‌عاتێك لە‌ ئەنجامدانی تاوانەكە‌، تاوانبارە‌كە‌ دە‌ستگیربكە‌ن."

درەنگانی شەوی ڕابردو کارمەندێکی سکیوریتی بەناوی "هەڤاڵ محەمەد"، تەمەن 31 ساڵ، لە دەروازە سیتی لە شاری سلێمانی لەلایەن کەسێکەوە کوژرا.  

برایەکی هەڤاڵ محەمەد، لە پرسەکەیدا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "براکەم کارمەندی سکیورتی بوە لە دەروازە سیتی و کوڕێکی محەمەد دوشیوانی، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لەوێ بە خێرایی شۆفێری کردوەو دانیشتوانی پڕۆژەکەی بێزار کردوە، ئەویش بەخۆشی پێی وتوە کە ئەوێ شوێنی ئەو کارە نییەو بەڕێزەوە بەڕێیان کردوە."  

وتیشی، "دواتر ئەو کوڕە گەڕاوەتەوەو ڕاستەوخۆ دو فیشەکی بە براکەمەوە ناوە، دوای 10 خولەک گیانی لەدەستداوەو بکوژەکەش هەڵاتوە، ئێمەش سکاڵامان تۆمارکردوە."  

بەپێی راگەیەندراوەكەی ئاسایش، تاوانبارەكە‌ "ناوی (ب. م)ەو كوڕی بە‌رپرسێكی شاری كە‌ركوكە‌." وتوشیەتی"بە‌سوپاسە‌‌وە‌ كە‌سوكارە‌كە‌شی ھاوكار بون لە‌ دە‌ستگیركردنی."

دەقی راگەیەندراوەكەی ئاسایش...

راگە‌یە‌ندراوێك لە‌ بە‌ڕێوە‌بە‌رایە‌تی ئاسایشی پارێزگاى سلێمانییە‌وە

پاش ئە‌وە‌ی ھێزە‌كانی ئاسایشی سلێمانی ئاگاداركرانە‌وە‌ لە‌ بونی تاوانێكی كوشتنی كارمە‌ندێكی ئە‌منی (سكیوریتی) یە‌كێك لە‌ سیتییە‌كانی سلێمانی، ھێزە‌كانمان لە‌سە‌ر راسپاردە‌ی بەڕێز ( قوباد تاڵە‌بانی)، جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، ھە‌وڵە‌كانیان چڕكردە‌وە‌و توانیان پاش چە‌ند سە‌عاتێك لە‌ ئەنجامدانی تاوانەكە‌، تاوانبارە‌كە‌ دە‌ستگیربكە‌ن كە‌ ناوی (ب. م)ەو كوڕی بە‌رپرسێكی شاری كە‌ركوكە‌و بە‌سوپاسە‌‌وە‌ كە‌سوكارە‌كە‌شی ھاوكار بون لە‌ دە‌ستگیركردنی.

لە‌گە‌ڵ رێزدا
بە‌ڕێوە‌بە‌رايه‌تی ئاسایشی پاريزگاى سليمانى
١٤ی ١٠ی ٢٠٢١

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×