راگەیەندراوی هاوبەشی سەرۆككۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەبارەی هەڵبژاردنەكانی عێراق
  2021-10-15       585       

سەرۆككۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە عێراق رایدەگەیەنن كە پێویستە ئەو ناڕەزایەتییانەی لەسەر بەڕێوەچونی پڕۆسەی هەڵبژادن هەن، بەپێی دەستورو یاسا یەكلایی بكرێنەوەو بەگرنگیشی دەزانن ئەو سكاڵاو تانانەی لەسەر پڕۆسەكە هەن بە پیشەیی و بێلایەنی، رەچاوبكرێن و داواش لە هەمو لایەنەکان دەکەن پابەندبن بە دورکەوتنەوە لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە کە دور نییە کاریگەری لەسەر ئاشتی و ئاسایشی گشتی بکات.

ئاوێنە: بەرھەم ساڵح ، سەرۆک کۆمارو دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا رایانگەیاند"سەبارەت بەو ناڕەزاییانەی کە هەیە لەسەر بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردن جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە لەچوارچێوەی یاسا جێی قبوڵکردنە، بۆیە مامەڵەکردن و یەکلاییکردنەوەی پێویستە بەپێی دەستور و یاسا دەبێت."

ئەوەشیان خستۆتەڕو"ھاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و دەسەڵاتی دادوەری تایبەت بەو بابەتە دوپاتدەکەینەوە بۆ بەدواداچون بۆ ئەو دۆسیەیە، ھەروەھا جەختدەکەینەوە لەگرنگی رەچاوکردنی هەمو ئەو سکاڵاو تانانەی کە بەرزکراوەتەوە لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن بە پیشەیی و بەرپرسیارێتی و بێلایەنی تەواو."

سەرۆككۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، داواشیان لە هەمو لایەنەکان كردوە "بەرپرسیارێتی نیشتمانی و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات لەبەرچاو بگرن و پابەندبن بە پاراستنی ئارامی و زمانی عەقڵ و دورکەوتنەوە لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە کە دور نییە کاریگەری لەسەر ئاشتی و ئاسایشی گشتی بکات."

دەقی راگەیەندراوەكە...

راگەیەندراوێکی ھاوبەش لە سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری

وەک بەرپرسیارێتییە نیشتمانی و دەستوری و یاساییەکان، ھەروەھا بۆ پاراستنی پرۆسەی دەستوری و دیموکراسی وڵات و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق، ھاوکات لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی عێراق و کارکردن بۆ ئەوەی وڵات نەبرێت بە ئاڕاستەی کێشمەکێش و دۆخێکی نەخوازراو کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی گشتی بکات.

لەو چوارچێوەیەدا جەختدەکەینەوە لە گەڕانەوە بۆ خەڵک لەسەر بنەمای دەستور، چونکە خەڵک سەرچاوەی شەرعییەتی حوکمڕانییە و هەڵبژاردنیش مافێکی نیشتمانی و رێگەچارەیەکی دیموکراسی و ئاشتیانەیە بۆ گەڕانەوە بۆ خەڵک و بژاردەکانی، بۆیە پێویستە متمانەی گەلی عێراق بە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان بگێڕینەوە، تاوەکو ھەڵبژاردنەکان ببێتە مایەی ھێنانەئارای خواستی راستەقینەی گەل.

ھەروەھا سەبارەت بەو ناڕەزاییانەی کە هەیە لەسەر بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردن جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە لەچوارچێوەی یاسا جێی قبوڵکردنە، بۆیە مامەڵەکردن و یەکلاییکردنەوەی پێویستە بەپێی دەستور و یاسا دەبێت.

ھاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و دەسەڵاتی دادوەری تایبەت بەو بابەتە دوپاتدەکەینەوە بۆ بەدواداچون بۆ ئەو دۆسیەیە، ھەروەھا جەختدەکەینەوە لەگرنگی رەچاوکردنی هەمو ئەو سکاڵاو تانانەی کە بەرزکراوەتەوە لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن بە پیشەیی و بەرپرسیارێتی و بێلایەنی تەواو.

داواش لە هەمو لایەنەکان دەکەین بەرپرسیارێتی نیشتمانی و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات لەبەرچاو بگرن و پابەندبن بە پاراستنی ئارامی و زمانی عەقڵ و دورکەوتنەوە لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە کە دور نییە کاریگەری لەسەر ئاشتی و ئاسایشی گشتی بکات، ھەروەک دوپاتدەکەینەوە لەگرنگی یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ ھێنانەدی داواکارییە نیشتمانییەکان کە چاوەڕێ دەکرێت بۆ پێکھێنانی ئەنجومەنی نوێنەران کە گوزارشت بێت لە خواستی گەل و ھێنانەکایەی چاکسازی بنەڕەتی و گەشەپێدان و کارکردن بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی کارا کە کاربکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و چەسپاندنی دەوڵەتی توانادار کە داوا رەواکانی خەڵک روەو ئایندەی باشتر بھێنێتەدی.

د. بەرھەم ساڵح 
سەرۆک کۆمار

دادوەر د. فایەق زێدان 
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×