بۆ یەكەمجار كاكەییەكان دەچنە پەرلەمانی‌ عێراق
  2021-10-15       692       
بۆ یەكەمجار لەمێژوی عێراقی نوێدا؛ دوو كاندیدی كاكەیی لە چوارچێوەی حزبە كوردییەكان بۆ پەرلەمانی عێراق سەردەكەون و بەڵێندەدەن لە یەكەم هەنگاویاندا، شەڕی جێگیركردنی كورسی كۆتا بۆ پێكهاتەكەیان بكەن.

ئاوێنه‌، كه‌ركوك ناو: بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق، دوو كاندیدی كاكەیی لەپارێزگاكانی كەركوك و نەینەوا، توانیویانە كورسی مسۆگەر بكەن.

نەجوە حەمید محەمەد كاكەیی، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی دوی پارێزگای كەركوك، توانیویەتی بە 11 هەزار و 794 دەنگ، بچێتە ریزبەندی سێیەمی ئەو بازنەیە و كورسییەك بەدەستبهێنێت.

ناوبراو ده‌ڵێت، "توانیم كورسییەكی پەرلەمان بەدەستبهێنم و ئاواتەكەم بهێنمەدی، تا ببمە پەرلەمانتار و بەرگری لە گەلەكەم بكەم و ببم بە نوێنەری راستەقینەیان لە پەرلەماندا".

ئەو ژنە كە ساڵانێك سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بووە، دەڵێت، لە پێشەنگی كارەكانیدا هەوڵی جددی دەدات بۆ تەرخانكردنی كورسییەك وەك كۆتای كاكەیی، له‌و ڕوه‌وه‌ وتی‌، "با ئەوانیش وەك پێكهاتەكانی دیكە كورسی كۆتایان هەبێت".

كاكه‌ییه‌كان له‌ته‌واوی عیراقدا كورسی كۆتایان نییه‌، جگه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ هێشتا پێكنه‌هێنراوه‌.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق 9 كورسی لە كۆی 329 كورسی وەك كۆتا دیاریكراون بۆ كریستیان، سابیئەی مەندائی، كوردی فەیلی، ئێزیدی و شەبەك لە پارێزگاكانی بەغدا، كەركوك، نەینەوا، واست، هەولێر و دهۆك.

هه‌رچه‌نده‌ به‌رده‌وام له‌ نێو لیست و قه‌واره‌كاندا كاندیدی كاكەیی بونی هەیە، به‌ڵام ده‌نگی پێویستیان به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌ بۆ گەیشتن بە پەرلەمان و یەكەمجارە لە دوای ساڵی 2003 و روخانی حكومەتی پێشوتری عیراق بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن، ببنە پەرلەمانتار.

ئەحلام رەمەزان فەتاح كاكەیی، كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی) لە بازنەی یەكی پارێزگای نەینەوا، بە شەش هەزار و 188 دەنگ لە ریزبەندی سێیەمدایە و كورسی پەرلەمانی عیراقی مسۆگەر كردووە.

ئەحلام رەمەزان ڕایگه‌یاند، "منیش هەوڵدەدەم لەگەڵ هاوڕێیانماندا بۆ تەرخانكردنی كورسی كۆتا بۆ كاكەیی، بەوپێیەی پێشتر غەدرمان لێكراوە و ئەمجارە بە یارمەتی یەكێتیی نیشتمانیی و پارتی دیموكرات توانیمان سەركەوین".

هەروەها جەختیكردەوە لە "خزمەتی هاوڵاتیان و دەنگدەران"ی كاكەیی و هەموو پێكهاتەكانی دیكە.

نەجوە كاكەیی دەڵێت، نەك بۆ پێكهاتەكەی بەڵكو دەبێتە پاڵپشتی هەموو پێكهاتەكانی كەركوك و بەڵێنەكانیشیان لەبیرناكەن، چونكە دەزانن خەڵكی بەگشتی و بەتایبەتی كاكەیی چییان دەوێت، "دوای ئەوەی لە ساڵانی رابردودا بەهۆی حكومەتەكانی پێشوەوە روبەروی غەدر و پاشان توشی ئاوارەیی و كوشتن بونەوە لە كردەوە تیرۆریستییەكاندا".

كاكەیی؛ بە ئەهلی حەق و یارسانیش ناسراون، ئایینی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام لە دەستوری‌ عیراقدا بەفەرمی‌ نەناسێنراوە... به‌پێی یاسای مافی پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كورستان؛ ئایینی كاكه‌یی، وه‌ك یه‌كێك له‌ ئاینزاكان هه‌ژماركراوه‌ و دانی پێدانراوه‌.

سەمیر حسێن، چالاكوانی مەدەنی كاكەیی دەڵێت سەركەوتنی دوو كاندیدی پێكهاتەكە وادەكات بەردەوام دەنگیان لەپەرلەمانی عیراق ببیسترێت بە تایبەت بۆ داواكاری كورسی كۆتا كە بەردەوام داوایدەكەن و ئەنجامی نەبووە.

كاندیدی دیكەی كاكەییش لە بازنەی دوی كەركوك هەبوو؛ هەژار رەشید لەسەر لیستی حزبی سیۆسیالیست دیموكراتی كوردستان هەوڵی بۆ كورسییەك دەدا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو و تەنیا 204 دەنگی بەدەستهێنا.

"داوا لە دوو كاندیدە سەركەوتووەكە دەكەم ئەو ئامانجانە بەدیبهێنن كە خزمەت بە كۆمەڵگەی كاكەیی دەكات و دەبێتە هۆی دانپێدانان بە ناسنامەی ئایینییماندا، هەروەها گرنگی بە بارودۆخی ئەمنی پێكهاتەكە بدەن و هەلیكار بۆ بێكار بڕەخسێنن لەڕێی پرۆژەی بچوك و مامناوەندەوە" رەجەب عاسی، چالاكوانی مەدەنی كاكەیی وادەڵێت.

كاكه‌ییه‌كان زیاد له‌ جارێك هه‌وڵیانداوه‌ كورسی كۆتایان بۆ ته‌رخانبكرێت، دوایینیان له‌ كۆتاییه‌كانی 2019دا بوو، به‌ڵام جارێكیتر بێئومێد بون.

عاسی پێیوایە ئەگەر كۆمەڵگەی كاكەیی یەكبگرن ئەوان دەتوانن لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالە، سلێمانی و هەولێریش كورسی بەدەستبهێنن، چونكە دابەشبونی دانیشتوانی كاكەیی وادەكات لەو پارێزگایانە دەنگی پێویستیان بۆ كورسی هەبێت.

كاکەییەکان لە چەندین ناوچه‌ی عیراقدا دەژین، جگه‌ له‌ نه‌ینه‌وا، بە زۆری‌ لە کەرکوک، هەڵەبجە، هه‌ولێر، خانەقین و چه‌ند شوێنێكی تری دیاله‌ نیشتەجێن، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان بە 100 هەزار کەس مه‌زنده‌ده‌كرێت.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×