ریشەی بیروباوەڕی بارزانیەكان
  2019-06-09       5720       

ئا: ئاوێنە

 

"بەپێچەوانەی ئەوەی لەناو خەڵكدا لەبارەیانەوە باوە، بارزانیەكان خێڵێك پێكناهێنن‌و سیستەمە ئابورییەكەیان هیچ چەشنە دەرەبەگایەتییەكی بەخۆیەوە نەدیوە، بەڵام گومان لەوەدا نیە كە بارزانیەكان كۆنفیدراسیۆنێكی خێڵەكی پێكدەهێنن كە بەشێوەیەكی سەرەكی لەچەند لقێكی خێڵی زێبار پێكدێ‌. ئەوان گروپێكی نهێنی پارێزن كە توانیویانە نهێنیەكانی زۆربەی بیروباوەڕەكانیان بەشاراوەیی بپارێزن".
ئەمە بۆچونی نوسەری یەكێك لەكتێبە ناوازەكانە دەربارەی "ریشەی بیروباوەڕی بارزانیەكان"، كە نوسەرەكەی "فەرید ئەسەسەرد"ە، كتێبەكە 414 لاپەڕەی قەبارە گەورەیە.

ئەسەسەرد ئاماژە بەوە دەكات كە ئەم لێكۆڵینەوەیەی بەهۆی دژواریی گەڕان بەدوای رەگ‌و ریشەی بیروباوەڕی بارزانیەكان‌و فاكتەرە پێكهێنەرەكانی‌و پشكنینی، حەوت ساڵی خایاندوە، ئەو ئاماژە بەوە دەكات كە "بەپشتبەستن بەمێرخاسی‌و بەخت یاریی بنەماڵەی شێخانی بارزان، تەكیەی بارزان رەوشێكی ئایدۆلۆژیی لەسەر بنەمای سیستمێكی پشتبەستو بە بەهاكانی دادو ژیانی هەرەوەزی داهێنا، بێگومان بیروباوەڕی بارزانیەكان بیروباوەڕێكی سادەو ساكارە، بەڵام پێداگرتنی ئەم بیروباوەڕە لەسەر هێشتنەوەی بنەماكانی بەنهێنی، وایكردوە گەیشتنە بنج‌و بناوانی كارێكی ئەستەم بێت". 

 

بارزان‌و شێخەكانیان
"بارزان" كەوتوەتە ئەوپەڕی باكوری رۆژئاوای پارێزگای هەولێر، لەنزیك سنوری عێراق لەگەڵ هەریەك لەئێران‌و توركیا، ئەسەسەرد ئاماژە بەوە دەكات كە بەرلەوەی شێخ تاجەددین لەكۆتایی سەدەی هەژدەهەمدا تەكیەی تێدا دابنێ‌، بارزان لەگوندێكی زێبارییەكان بەولاوە هیچی تر نەبو. بارزانیەكان بەبنەچە سەر بەخێڵی "زێباری" بون، بەڵام بارزان ئەو گوندە بو كە ناوی خۆی بەبارزانیەكان‌و بیروباوەڕەكەیان بەخشی. شێخەكانیان خاوەن كاریزما بون‌و بەپیرۆز دادەنران، شێخەكانی بارزان بەپێچەوانەی شێخەكانی زێبارو سورچی‌و برادۆستی دراوسێیان یان شێخەكانی قادری‌و نەهری‌و تاڵەبانیەوە نەبونە چینێكی ئەرستۆكراتی كشتوكاڵی‌و زەویدار. 

 

ئیسماعیلی‌و سۆفیگەری
لەگەڕان بەدوای رەگ‌و ریشەی بیروباوەڕی بارزانیەكاندا، نوسەر ئاماژە بەوە دەكات كە بیروباوەڕی بارزانیەكان دو بناوانی هەیە:"بناوانێكی ئیسماعیلی‌و بناوانێكی سۆفیگەری". بۆچونێكی تریش ئەوەیە كە "هەردو بناوان لەسەرەنجامدا یەكیان گرتوەتەوەو ئەمەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر پێكهاتەی ئایدۆلۆژیی بیروباوەڕی بارزانیەكان بەجێهشتوە".
ئیسماعیلییەكان گروپێكی شیعە مەزهەبی توندڕەوبون، كە ئایین‌و سۆفیگەری‌و سیاسەتیان تێكەڵی فەلسەفە كرد.  هەروەها بیروباوەڕی بارزانیەكان لەبەشێكی گرنگی پێكهاتە فیكرییەكانیدا پشت ئەستورە بە بەها سۆفیگەرییەكان‌و ریشەی دوەمی بیروباوەڕی بارزانی پێكدەهێنن، كە لەسەدەی نۆزدەهەمەوە بەلای تەریقەتی نەقشبەندیدا وەرچەرخاوە. 
ئەمە لەكاتێكدایە كە "سۆفیگەری تۆكمەترین بیروباوەڕی ئایینیە لەڕێی زانینی روحانیەوە، كە بەچاوێكی سوكەوە لەژیانی مادی دەڕوانن‌و هەژاری شكۆمەندییە".
ئەسەسەرد پێیوایە "ئەم بیروباوەڕە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر بیروباوەڕی بارزانی بەجێهێشت‌و جوتیارە هەژارەكانی هاندا پشتگیریی تەكیەی بارزان بكەن لەململانێیدا لەگەڵ ئۆرۆستۆكراسیی كشتوكاڵیدا". لەدیدی ئەوەوە "بە بەراورد لەگەڵ شێخایەتییەكانی تردا، شێخایەتیی بارزان تا ئەوكاتەی لەساڵی 1969دا لەبەریەك هەڵوەشایەوە، هەر بەردەوام بو لەسەر شكۆمەندكردنی هەژاریی. بەپێچەوانەی شێخایەتیەكانی قادری‌و نەقشبەندیەكانی ترەوە.

 

خۆشاردنەوەو ئاشكراگەرایی
ئەسەسەرد ئاماژە بەوە دەكات كە بارزانیەكان بەدڵنیاییەوە گروپێكی نهێنیپارێز پێكدەهێنن‌و توانیویانە نهێنیەكانی زۆربەی بیروباوەڕەكانیان بپارێزن. وەك زۆرێك لەگروپە ئایینیەكانی تر، سیستمێكی بەهێز بۆ رێگرتن لەدەرچونی نهێنیەكان‌و رێكخستنی پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەری خۆی داناوە كە پێیدەڵێن "تەقیە". 
تەقیە كە پەیوەندی بەشیعەوە هەیەو ناوەڕۆكەكەی ئاماژە بۆ شاردنەوەی بیروباوەڕ‌و دەرخستنی ئادگارێكی جیاواز دەكات. ئەم بیروباوەڕ شاردنەوەیە لەنێو ئێزیدی‌و عەلەوی‌و كاكەییەكان‌و شەبەك‌و هەقەكانیشدا هەیە كە كۆمەڵگەی داخراون. 

 

شێخ محەممەد
ئەسەسەرد باس لەوە دەكات كە "دوای شكستی شێخ عوبەیدوڵای نەهری‌و دورخستنەوەی بەخاووخێزانەوە بۆ حیجاز، شێخ محەمەد چاو دەبڕێتە ئەوەی رۆڵێكی گەورەتر ببینێت لەژیانی گشتیدا، بەڵام هەرچەندە دوای شكستی شێخایەتی نەهری، روبەری بیروباوەڕی فراوانتر كردەوە، بەڵام شێخ محەممەد دودڵا بو لەراگەیاندنی بیروباوەڕی‌و پێیوابو كاتی راگەیاندنی نەهاتوە. هاوكات شوێنكەوتوانی گەرم‌وگوڕ بون‌و كەوتنە نەهێشتنی خاوەندارێتی زەوی، لەپێناو كۆمەڵگایەكی یەكسان‌و دور لەچەوساندنەوەدا.

 

شێخ عەبدولسەلامی دوەم
نوسەر ئاماژە بەوە دەكات كە "پاش شێخ محەممەد، شێخ عەبدولسەلامی دوەم كۆنفدراسیۆنێكی خێڵەكی لەچوار بەرەباب پێكهێنا كە بریتی بون لە"بەڕۆژ، مزوری، شێرزان‌و دۆڵەمەڕی"‌و لەگەڵ ئۆرستۆكراتەكانی خێڵی زێباری‌و برادۆست‌و رێكانی‌و سورچیدا كەوتە شەڕ‌و ململانێیەكی سەختەوە. 
ئەسەسەرد ئاماژە بەوە دەكات كە هەروەك چۆن "دروزەكان لەناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمەوە دەرگای هاتنە نێو ئەو تائیفەیەیان بەیەكجاری داخست"، بەهەمانشێوە لەمەبەدوا بارزانیەكان دەرگای وەرگرتنی بێگانەیان بۆ هەتاهەتایە داخست، پاش ئەوەی كۆنفدراسیۆنە خێڵەكییەكەیان پێكهێنا، هەمو چالاكیەكانی تایبەت بەبڵاوكردنەوەی بیروباوەڕیان راگرت. كە بەپێی شیكاری نوسەر "بیروباوەڕی بارزانی وەك بیروباوەڕێكی بێ‌ رێ‌‌و رەسم خۆی دەنوێنێ، واتە پەیڕەوەكانی ئەم بیروباوەڕە هیچ فەرزێكی شەرعییان لەسەر نیە"، كە ئەم پرەنسیپە بەتایبەتی لەبیروباوەڕی ئیسماعیلی سۆفیگەرییەوە وەرگیراوە.

 

ئاسمان پەیامێكی پیرۆزی پێسپاردوە 
ئەسەسەرد ئاماژە بەوە دەكات كە دوای ئەوەی تەكیەی بارزان لەگەڵ دەوربەری كەوتە ململانێیەكی دژوارەوە، بەلای دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ خەڵكانی رەش‌و روتدا دایشكاندو بارزان لەگوندێكی فەرامۆش‌و پەراوێزخراوەوە، بوە گوندێك كە تامەزرۆی جیهانێكی دادپەروەرانەترو ئاشتیخوازتر بو. نوسەر باس لە"گفتوگۆیەكی نێوان شێخ عەبدولسەلامی دوەم‌و قایمقامی ئامێدی بەوەكالەت لەساڵی 1904دا دەكات كە ئەوەی لێهەڵدەهێنجرێ‌ تەكیەی بارزان لەو بڕوایەدا بوە ئاسمان پەیامێكی پیرۆزی پێسپاردوە كە ئەویش لابردنی زوڵم‌و زۆرە لەسەر چەوساوەكان".
بەڵام وەك ئەسەسەرد جەغتی لێدەكاتەوە كە "بزوتنەوەی بارزانی نە هیچ دیدێكی سیاسی هەبو نە هیچ دیدێكی شاری، بەڵكو مۆركی جوتیارانە بەسەریدا زاڵ بو، ئامڕازی خەباتی جوتیاران‌و راپەڕینەكانیان بو لەدژی دامەزراوەی دەرەبەگایەتی"، كە لەم روەوە لەگروپی هەقەوە نزیكن.

 

بارزانیەكان رێز لەژن دەگرن
ئەسەسەرد ئاماژە بەوە دەكات كە شێخایەتی بارزان رێزێكی زۆری لەئافرەت گرت‌و لەبەشێكی ریفۆرمە كۆمەڵایەتیەكانی سەردەمی عەبدولسەلامی دوەمدا هەوڵدرا رێ‌ لەزەوتكردنی مافی ئافرەتان بگیرێ‌، بەڵام بەبێ‌ ئەوەی سنور ببەزێنێت بۆ ئاستی یەكسانی ژن‌و پیاو. "لەنێو بارزانیەكان دامەزراوەی هاوسەرگیری پەیوەندی زۆردارەكی تێدانیە".

 

لەگەڵ كەمینە ناموسڵمانەكان كۆكن
نوسەر باس لەوە دەكات كە شێخایەتی بارزانی پاكانەی بۆ هیچ دوژمنایەتی كردنێكی كەمینە ناموسڵمانەكان نەكردوە، تەنانەت لەكاتی سەرهەڵدانی گرژییەكەی نێوان شێخ عەبدولسەلامی دوەم‌و كاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانیدا، شێخ عەبدلسەلام هانای بۆ مەسیحیەكان بردوە.

 

چەمكی میللەت
ئەسەسەرد باس لەوە دەكات كە بارزانیەكان وەك گروپێكی جیاواز لەدەوروبەری خۆیان، دەستەواژەی "میللەت" بەكاردەهێنن، كچیش نادەن بەغەیری خۆیان، لای بارزانیەكان "مەرج نیە دایك بارزانی بێت، بەڵام مەرجە كە باوكەكە بارزانی بێت".
ئەو باس لەوە دەكات كە "بارزانیەكان لەڕوی خۆناساندنەوە وەك گروپێكی جیاواز لەدەوروبەری خۆیان، دەستەواژەی "میللەت" بەكاردەهێنن بۆ خۆیان. ئەمە لەكاتێكدایە كە چەمكی میللەت لەڕوی كۆمەڵناسیەوە بۆ ئەو گروپە مرۆییانە بەكاردێت كە ژیان‌و گوزەرانیان بەپێودانگی سیستمێكی ئایینی‌و كۆمەڵایەتی‌و ئابوریی دیاریكراو رێكدەخەن، ئەم گروپانە پێیانوایە كە گروپە پایە بەرزەكان تێكەڵاوبن لەگەڵ گروپە نزمەكان زیانبەخش دەبێت".  
پاشان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە "هەربۆیە لەلای بارزانیەكان بۆ پاراستنی پاكی خۆ، مەسەلەی هاوسەرگیریی دەرەكی فرە دژوار دێتە بەرچاو. باسكی پارێزگار هێشتا لەو بڕوایەدایە كە هاوسەرگیری دەرەكی هەڕەشەی لەبەریەك هەڵوەشاندنەوە لەتۆكمەیی گروپەكە دەكا‌و لێناگەڕێن كچەكانیان لەدەرەوەی گروپەكانیان شو بكەن، بەڵام لەناو بارزانیەكاندا ئەم قەدەغەكردنە پیاوان ناگرێتەوە كە بۆیان هەیە ئافرەتی نابارزانی بهێنن. بۆ نمونە بارزانیەكان كە چونە روسیا زۆربەیان ژنی روسییان هێنا، مستەفا بارزانی لەسێ‌ ژنەكەی یەكێكیان بارزانی نەبو كە دایكی "مەسعود بارزانی"یە.
نمونەیەكی دیكەش ساڵی 1983 كە هەزاران بارزانی لەسەر دەستی سەدام حسێن لەناوبران، هەزاران بێوەژن‌و كچی گەنجی بێ‌ مێردو كۆستكەوتو روبەروی كێشەی شوكردن بونەوە چونكە رێسا خۆماڵیە توندەكانی ئەوان رێیان نەدەدا لەدەرەوەی گروپەكە شو بكەن.
هەروەها باس لەوە دەكات كە "لەو قەڵەمڕەوەدا بارزانیەكانی لێدەژی، سێ‌ میللەتی بارزانیەكان‌و نەستۆریەكان‌و ئێزیدیەكان توند دەستیان گرتوە بە تۆكمەكردنی پەیوەندی ناوخۆییانەوە، ئێزیدی ئەو كەسەیە كە دایك‌و باوكی ئێزیدین، نەستوریش هەروەها، بەڵام لای بارزانی مەرج نیە دایك بارزانی بێت بەڵام مەرجە كە باوكەكە بارزانی بێت".
هەر سێ‌ گروپەكەش لەگەڵ دەوروبەریاندا لەگرژی‌و نەسازاندا بون، كە ئاسەواری قوڵی لەسەر شێوەی ژیانی كۆمەڵایەتی‌و ئابوریان بەجێهێشتوە، كە لێكەوتەیەكیان "پێكهێنانی دەستەی هەمیشە چەكدار‌و سڵكردنەوە لەگەف‌و هەڕەشەی نەیاران" بوە.

 

تۆبەو گوێڕایەڵی
كتێبی ریشەی بیروباوەڕی بارزانیەكان ئاماژە بەوە دەكات كە "ئەو كەسەی لەسەر دەستی شێخ خۆی خاوێن دەكاتەوە ئەوا خۆی لەگوناهەكانی رابردوی پاكدەكاتەوەو دەبێتە ئەندام"، لەم روانگەیەوە "تا ساڵی 1969 كە دوایین بەهێزترین رابەری روحانی بارزانیەكان، شێخ ئەحمەد، كۆچی دوایی كرد، لەنێو هەمو گروپە ئایینیەكانی كورددا، هیچ سیستمێكی گوێڕایەڵی لەڕوی توندوتۆڵی‌و تۆكمەییەوە شانی لەشانی سیستمی گوێڕایەڵی بارزانیەكان نەدەدا". هەربۆیە تۆكمەیی گوێڕایەڵی بارزانی یەكێكە لەگرنگترین نیشانەكانی بیروباوەڕی بارزانیەكان.

 

جامانەی سور، رەمزێكی بارزانیەكان
لەنێو هەمو خێڵەكانی كورددا، تەنها بارزانیەكان جامانەی سور دەبەستن، ئەمەش رەگوریشەو پێشینەی خۆی هەیە، پەیوەندی بەهەلومەرجێكی مێژویی‌و بەڕیشەی بیروباوەڕی بارزانیەكانەوە هەیە. 
نوسەر هەمو ئەو بۆچونە چەوتانە رەتدەكاتەوە كە پێیانوایە جامانەی سوری بارزانیەكان پەیوەندییەكە لەنێوان بارزانیەكان‌و كۆمۆنیزمدا یان هەندێك وای بۆ دەچن كە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژگاری گەڕانەوەیان لەروسیاوە ساڵی 1958، چونكە كە بارزانیەكان چونە روسیاوە لەساڵی 1947دا، جامانەی سور هەر رەمزی بارزانیەكان بو.
نوسەر باس لەوە دەكات كە یەكەم ئاماژەی جامانەی سور بۆ ساڵی 1909 دەگەڕێتەوە، ئەویش لەهۆنراوەیەكدا كە باس لەشەڕێكی نێوان شێخ عەبدولسەلامی بارزانی‌و دەرەبەگەكانی خێڵی زێبار دەكات. 
دروشمی جامانەی سور لەبیروباوەڕی بارزانیەكاندا پەیوەندیی بەبیروباوەڕێكی شۆڕشگێڕانەو هەلومەرجێكی دیاریكراوەوە هەیە، ساڵی 1895 شێخ نشینی بارزان روبەروی گەورەترین گەلەكۆمەكی لەهەمو مێژویدا بۆوە، كە لایەنەكانی پێكهاتبون لەئۆرۆستۆكراتی خێڵە بەهێزەكەی زێبارو سورچی‌و شێخنشینی نەهری‌و برادۆست‌و لۆلان، سەرەنجام پاش زنجیرەیەك شەڕ‌و پێكدادان شێخی بارزان توانی بەتەواوی دەست بەسەر بارزاندا بگرێت.
لەو سەردەمەدا گەورەترین كێشەی بارزان ئەوە بو كە لەدەوروبەرێكی نەیاردا بو، نەیارە بەهێزەكەی ئەم شێخ نشینە، ئۆرۆستۆكراتی دەرەبەگی خێڵی زێبار بو، بەڵام  پێداگری شێخی بارزان لەسەر بەهاكانی دادپەروەری‌و پشتگیری هەژارو چەوساوەكان هەیبەتی ئەوی زیادكردو وایكرد بتوانێ‌ زۆربەی جوتیارە چەوساوە رەشوروتەكان بەلای خۆیدا راكێشێ‌، ئەمەش بوە مایەی دەركەوتنی وەك لایەنێكی بەسام‌و بێباك.
كۆتایهێنان بەسەردەمی شاردنەوەی بیروباوەڕ، واتە كۆتایهێنان بەتەقیە، بەرونی لەسەردەمی شێخ محەممەدی كوڕی شێخ عەبدولسەلامی یەكەمدا دەستیپێكرد، شێخ محەممەد لەڕێی بەكارهێنانی هێزەوە رێزو هەیبەتێكی زۆری بۆ شێخ نشینەكە پەیدا كرد‌و پێی ناخۆش بو پەیڕەوەكانی هەم دڵسۆزی تەكیەی بارزان بن‌و هەم دڵسۆزی ئۆرستۆكراتەكانی خێڵی زیبار، لەم روەوە ناچاری كردن خۆیان ساغ بكەنەوەو تەواوی دڵسۆزییان تەنها بۆ تەكیەی بارزان بێ‌، ئیتر كە پەیڕەوەكانی لەچنگ دەرەبەگەكانی زێبار رزگار كرد، تەكیەی بارزانی بۆ كردن بەتاكە سەرچاوەی بەهای كۆمەڵایەتی.
شێخ عەبدولسەلامی دوەم درێژەی بەپەیامی ئەو شێخانەی پێش خۆی دا كە ئەركی بەرپەرچدانەوەی ئۆرۆستۆكراسیی زێبارییان دەستپێكردبو. ئەوەی تێكۆشانی جوتیارەكانی تۆكمەتر دەكرد ئەم بیروباوەڕەی تەكیەی بارزان بو كە بانگەشەیان بۆ نەهێشتنی چەوسانەوەی جوتیاران دەكرد كە چیتر چینە دەستڕۆشتوەكان‌و دەوڵەمەندەكان لەسەر رەنج‌و ماندو بونی هەژاران نەژین‌و جوتیارەكان توندوتیژییەكی زۆریان لەدژی دەرەبەگاكانی زێبار بەكارهێنا. تا سەرەنجام بزوتنەوە جوتیاریەكان بەپشتیوانی شێخایەتی بارزان سەركەوتنی یەكلاكەرەوەیان بەسەر ئۆرستۆكراتەكانی زێباردا بەدەستهێنا، بەم سەركەوتنانە شێخایەتی بارزان ئاسایشی خۆی لەسەر بنەمای دڵسۆزیی جوتیارە تازە رزگاربوەكان دامەزراند.
شێخ عەبدولسەلام لەكاتێكدا ژمارەی پەیڕەوەكانی زیادی دەكردو تادەهات زیاتر پشتیوانی هەژارەكانی بەدەستدەهێنا، جامانەی سوری كردە دروشمێك بۆ پەیڕەوەكانی. هەڵبژاردنی ئەم دروشمە پەیوەندی بەو هەلومەرجەوە هەیە كە تێیدا تەكیەی بارزان ئەوەندە لەخۆی دڵنیابو كە ترسی لەئاشكراكردنی بیروباوەڕی خۆی نەما بو.
ئیتر دروشمی سوری بیروباوەڕی بارزانیەكان بوە هاوتای نەریتی خەتەنە لەلای باوەڕدارەكانی جولەكەو موسڵمان، كە مەبەستی سەرەكی خەتەنە لێكجیاكردنەوەی باوەڕداران‌و ناباوەڕدارانە‌و پەیوەندی بەو پەیمانەوەیە كە لەنێوان خواوەندو باوەڕداراندایە. لەبیروباروەڕی بارزانیەكانیشدا جامانەی سور ئەو ئەركەی پێسپێردراوە كە خەتەنە لەجولەكایەتی‌و ئیسلامدا پێیسپێردراوە‌و بارزانیەكان لەنابارزانیەكان جیادەكاتەوە.

 

خودان
نازناوی خودان كە ناوبانگێكی زۆری بۆ شێخ ئەحمەد بارزانی دروستكرد، خۆی لەخۆیدا نیشانەی تێپەڕاندنی ناوەڕۆكی ئایینی كۆمەڵایەتی نازناوی دێرینی شێخە. نازناوی خودان بە"شێخ ئەحمەد"ەوە نوساوە كە بزوتنەوەی بارزانی لەسەردەمی شێخایەتی ئەودا گەیشتە ترۆپكی روحانیەت‌و خودی خۆیشی پیرۆزییەكەی لەلای شوێنكەوتوەكانی گەیشتە ئاستێك كە لەمەوبەر هیچ شێخێك پێی نەگەیشتبو. بارزانیەكان لەبەكارهێنانی نازناوی خوداندا جگە لەمانای گەورەیی هیچ مانایەكی تری لێتێنەگەیشتن.

 

ساڵە سەختەكان
بارزانیەكان لەمێژوی 150 ساڵی رابردویاندا گەلێك رۆژگای سەخت‌و دژواریان تێپەڕاندوە، لەوانە تێكچونی پەیوەندی لەگەڵا عوسمانیەكان لەسەرەتای سەدەی بیستەم‌و سەروەختی هەڵگیرسانی جەنگی یەكەمی جیهانیدا، پاشان شەڕ لەگەڵا بەریتانیەكان‌و مەترسی نیشتەجێكردنی ئاشوریەكان لەناوچەی بارزان، زنجیرەیەك جەنگ شێخ ئەحمەد بارزانی لەدژی ئینگلیزەكان‌و دەوڵەتی عێراق كە خێڵەكان بەهانایەوە نەچون‌و تاك كەوتەوە، سەرەنجام لەساڵی 1931دا شێخ‌و مەلا مستەفای برای بەخاووخێزانەوە خۆیان تەسلیم بەتوركیا دەكەن‌و دوای ساڵێك مانەوە بەچەرمەسەری رادەستی دەوڵَەتی عێراق دەكرێنەوە‌و دوردەخرێنەوە بۆ موسڵا‌و پاشان بۆ ناسریەو دواتریش بۆ ئاڵتون كۆپری‌و كفری‌و سلێمانی‌و ژیانی كولەمەرگی بەسەردەبەن. تا مەلا مستەفا لەسلێمانی هەڵدێت بەرەو ئێران‌و دەگەڕێتە بارزان لە1943‌و جارێكیتر جموجۆڵی سەربازی دەستپێدەكاتەوەو دوای شكستی جوڵانەوەی بارزانی مەلا مستەفا رودەكاتە كۆماری مەهاباد
پاش ئەوەش بۆ روسیا‌و شێخ ئەحمەدیش بۆ عێراق‌و بەدەستبەسەریی گواسترایەوە بۆ بەسرەو پاشان بەغدا‌و دوای شكستی 1975 جارێكیتر ساڵانی تاراوگە‌و راگواستن‌و كوشتاری بارزانیەكان دەستپێدەكات.
ئیتر بیروباوەڕی بارزانیەكان وەك ترادیسیۆنێكی پێكەوە گرێدراوی بەهاكان بەرەو پوكانەوە دەچێ‌. ئەمەش هۆو فاكتەری خۆی هەیە، چونكە لەساڵی 1969ەوە بارزانیەكان سەركردایەتییەكی ئایینی وایان نیە كە كۆدەنگی تەواوی لەسەر بێ‌، بەهۆی ئەمەوە لەوساوە ژیانی ئایینی بارزانیەكان ئازادە. دوابەدوای هەرەسهێنانی شۆڕش لەساڵی 1975دا، پرۆسەی تێهەڵكێشبونی بارزانیەكان بەكۆمەڵگاو شارستانیەتی بەشێوەیەكی فراوان دەستیپێكرد‌و لەم سۆنگەیەوە داخرانی كۆمەڵایەتی‌و دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ سروشتدا بو بە بەشێك لەكەلەپوری‌و یادەوەریی رابردو.

 
  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×