پارتی: ئەوانەی تێبینیان لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هەیە رێكاری یاسایی بگرنەبەر
  2021-10-17       450       

مەکتەبی سیاسیی پارتی پێشوازیی لە راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەکات و دەشڵێت"بەشێوەیەكی گشتی هەڵبژاردنەكە ئازادو پاك بو." داواش لەو لایەنانە دەكات كە تێبینیان لەسەر ئەنجامەکان ھەیە "تەنیا رێککاری یاسایی و شێوازی گونجاو بگرنەبەر بۆ سەلماندنی سکاڵاکانیان دور لە زمانی ھەڕەشە و پشێوی نانەوە کە مەترسییە و ھەڕەشە لە ئارامی وڵات دەکات."

 ئاوێنە: مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا پێشوازی لە ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكانی عێراق كردوە كە بەپێی دوایین ئەنجام كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە بڵاوكراوەتەوە ئەو حزبە 33 كورسی بەدەستهێناوە. 

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"ھەمو لایەنێکی سیاسی بەشداربوی ھەڵبژاردنەکان مافی ئەوەیان ھەیە پەڵپ بگرن یان سکاڵا لە بەرامبەر ئەنجامەکان تۆمار بکەن. بۆیە لێرەوە داوا لە ھەمو لایەنەکان دەکەین ئەوانەی تێبینیان لەسەر ئەنجامەکان ھەیە کە تەنیا رێککاری یاسایی و شێوازی گونجاو بگرنەبەر بۆ سەلماندنی سکاڵاکانیان دور لە زمانی ھەڕەشە و پشێوی نانەوە کە مەترسییە و ھەڕەشە لە ئارامی وڵات دەکات."

هەر لە راگەیێنراوەکەدا داوایەکی دیکە ئاراستەی لایەنەکان کراوە کە "دان بەخۆیان دابگرن و بەرژەوەندی گەل بخەنە سەروی ھەمو ئیعتیبارێکەوە و ئەگەر ھەندێک تێبینی تەکنیکیش لەسەر پڕۆسەی بەڕێوەچونی ھەڵبژاردنەکان ھەبوبێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ھەڵبژاردنەکە پڕۆسەیەکی ئازاد و پاک بو."

دەقی راگەیەندراوەکە...  

راگەیاندراوی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
 
پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لەڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی رێکەوتی ١٠ـی ١٠ـی ٢٠٢١ ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە لە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ئەنجام درا.
 
بەپێی یاسای کۆمسیۆن و لەپێناو سەلماندنی پاک و بێگەردی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، لەماوەیەکی دیارکراودا ھەمو لایەنێکی سیاسی بەشداربوی ھەڵبژاردنەکان مافی ئەوەیان ھەیە پەڵپ بگرن یان سکاڵا لەبەرامبەر ئەنجامەکان تۆمار بکەن. بۆیە لێرەوە داوا لەھەمو لایەنەکان دەکەین ئەوانەی تێبینیان ھەیە لەسەر ئەنجامەکان کە تەنیا ڕێککاری یاسایی و شێوازی گونجاو  بگرنەبەر بۆ سەلماندنی سکاڵاکانیان دور لەزمانی ھەڕەشە و پشێوی نانەوە کە مەترسیە و، ھەڕەشە لەئارامی وڵات دەکات، ھەروەھا داوایان لێ دەکەین دان بەخۆیان دابگرن و بەرژەوەندی گەل بخەنە سەروی ھەمو ئیعتیبارێکەوە و، ئەگەر ھەندێک تێبینی تەکنیکیش لەسەر پڕۆسەی بەڕێوەچونی ھەڵبژاردنەکان ھەبوبێت بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ھەڵبژاردنەکە پڕۆسەیەکی ئازاد و پاک بو . 
 
لێرەوە بەپێویستی دەزانین سوپاسی تەواوی ھەوڵ و ماندوبونی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق و، نێردەی «پاڵپشتی تەکنیکی» نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق بکەین، ھاوکات سوپاس و پێزانینمان بۆ ھەوڵەکانی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرامبەر دابینکردنی ئارامی و بارودۆخێکی ئەمنی گونجاو و سەرکەوتو بۆ بەڕێوچونی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان.
 
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان  
١٧ـی ١٠ـی ٢٠٢١


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×