پێشنیارێك بۆ چارەسەركردنی كێشەی بەنزین "بەبێ پشتیوانی حكومەت" دەخرێتەڕو
  2021-10-17       761       

 عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنه‌ى وزه‌و سامانە سروشتییه‌كان لە پەرلەمانی كوردستان، پێشنیارێك بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمی و گرانی نرخی بەنزین "بەبێ هیچ پشتیوانییەكی دارایی" حكومەت دەخاتەڕو.

ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا سەبارەت بە گرانبونی نرخی بەنزین و نەوت و گازوایل وتویەتی"ئەم پێشنیارەی بۆ چارەسەری ئەم گرفتە دەیخەمەڕو، پێشتریش چەندین جار بۆ حکومەتم ناردوە.. بەبێ ھیچ پشتیوایەکی دارایی دەتواندرێت بە کوالێتیەکی باش سوتەمەنیەکی باش دابیبکرێت."

بەپێی قسەی عەلی حەمەساڵح، سێ پاڵاوگەی نەوت ھەن لە هەرێمی کوردستان (کەڵەک" کار" ، بازیان "قەیوان" و لاناس) كە   توانای پاڵاوتنی ٢٤٠ ھەزار بەرمل نەوتیان ھەیە لە ڕۆژێکداو ئەوەش نزیکەی دو ھێندەی پێداویستی خەڵکی کوردستانە.

سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان وتوشیەتی"بەڵام لە ئێستادا تەنیا پاڵاوگەی کار ٢٥ ھەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و بەرھەمەکەی ڕۆژانە نزیکی ملیۆنێک لیترەو ئەویش بە چەند بەنزینخانەیەک لە ھەولێر دەدرێت! کار بەتەنیا دەتوانێت کێشەی سوتەمەنی چارەسەر بکات."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بەبێ ئەوەی حکومەت پشتیوانی بکات، تەنیا ئەم خەرجیانە بگەڕێتەوە بەسە بۆ ئەوەی نرخی بەرھەمە نەوتیەکان دابەزێت و بە کوالێتیەکەشی باشتر بێت. یەک: کرێی بۆری بۆ ھەر بەرمیلێک بەنرخی ئێستا ١٢ دۆلارە، دەگەڕێتەوە. دو: داشکاندن لەو نرخی نەوتەی کە دەکڕێت، کە ھەرێمی کوردستان ١٢ دۆلار کەمتر لە برێنت دەیفرۆشێت. سێ: گەڕانەوەی قازانجی بازرگان و تێچوی گواستنەوەو گومرگ و رسوماتی کۆمپانیا."

لەكۆتاییشدا وتویەتی"ھیوادارم تەنیا مانگێک کار بەم پێشنیارە بکرێت، بە پاڵاوتنی ١٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت دەستی پێبکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×