ئەو کۆمپانیایانە هەڵدەبژێردرێن کە نۆ بەنداو لەکوردستان دروست دەکەن
  2021-10-18       1175       
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەردو وەزارەتی کشتوکاڵ و پلاندانانی حکومەتی هەرێم بڕیاریانداوە وەک هەنگاوێکی دیکەی دەستبەکاربون لەپڕۆژەی ستراتیژی دروستکردنی نۆ بەنداو لەکوردستان، ئەو کۆمپانیایانە هەڵبژێردرێن کە بەنداوەکان دروست دەکەن.

ئاوێنە:بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵی هەرێم لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشكردوە، دوای ئاگاداری وەزارەتی کشتوکاڵ و پلاندانان بۆ کۆمپانیاکان تا پرۆپۆزەڵی خۆیان بنێرن وەک داواکاری بۆ دروستکردنی بەنداوەکان، کۆمپانیاکان هەڵدەبژێردرێن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، دروستکردن و تەواوکردنی ئەم بەنداوانە هاوتەریبە لەگەڵ پرۆسەی هەڵسەنگاندنی داخوازیی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و بونیادنانی بەنداوەکان و پڕۆژەکانی ئاودێری، بەتایبەتی بۆ 9 بەنداوە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی سیستمی (ppp) کە بۆ یەکەمجار لەڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە سەرپەرشتیدەکرێت.

وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ تەواوکردنی بەنداوەکان داوای زیاتر لە 126 ملیار دیناریان كردوە و وەك قۆناغی یەكەمیش بڕی 16 ملیار دینار دابینكراوە.

مانگی ئایاری ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 9 بەنداوی گەورەی ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان دروستدەکرێن.

لە هەرێمی کوردستاندا 17 بەنداوی گەورە و 14 بەنداوی بچوك هەن، توانای گلدانەوەی 10 ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە.

بەپێی ماستەرپلانێک کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دایڕشتوە، 240 شوێن بۆ بەنداو دیاریكراون، وەکو قۆناغی یەکەم هەڵسەنگاندن بۆ دروستکردنی 50 بەنداو کراوە، کە 18یان گەورەن.

دەبو 25 بەنداو لە هەردو پارێزگای سلێمانی و دهۆک لەنێوان ساڵانی 2013 و 2017 دروستکرابونایە، بەڵام بەھۆی قەیرانی داراییەوە پارەکە خەرج نەكرا.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×