وتەبێژی یەپەگە: مەترسیی و پێشبینی ڕێککەوتنێک هاوشێوەی عەفرین لە ئارادایە
  2021-10-18       987       
دەوڵەتی تورک لەڕێگای بەرپرسەکانیەوە هەڕەشەی هێرشێکی نوێی سەربازیی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، وتەبێژی یەپەگەش دەڵێت، مەترسیی هەیە ڕێککەوتنێک هاوشێوەی عەفرین بکرێت.جەختیشدەکاتەوە، کە ئەوان بەهیچ شێوەیەک هێرشیان نەکردووە و لە هەر جۆرە هێرشێکیش مافی خۆپاراستنی ڕەوا بەکاردەهێنن.

ئاوێنە: نوری مەحمود وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: دەوڵەتی تورک بەتەنها لە ئازەربایجان و عێراق و لیبیا نەوەستاوە بەڵکو دەیەوێت سنووری تورکیا تێپەڕێنێت و سەڵتەنەیەکی ئەردۆغانی بنیات بنێت.

وتیشی: لە ناوخۆی تورکیا چەندین قەیران هەیە، ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و گەلی تورکیا بە گشتیی دەیانەوێت سیستەمی فاشیست و جیهادیست بگۆڕن، بۆیە بۆ ئەوەی ئەردۆغان لەسەر پێ بمێنێتەوە تەنها سیاسەتی شەڕ پەیڕەو دەکات.

نوری مەحمود، هەروەها وتی: مەترسییەک هەیە کە ئەردۆغان دۆخێکی شەڕ ڕابگەیەنێت تاوەکو دۆخێکی نائاسایی لەناوخۆی تورکیاش ڕابگەیەنێت، بۆیە لەدەرەوەی شەڕ شتێک لەدەستی دەسەڵاتی ئەردۆغان نەماوە.

لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی سوریاش لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک، وتەبێژی یەپەگە ڕوونیکردەوە، کە حکومەتی دیمەشق لەبەرامبەر ئەم بەرپرسیارییەتەدا نییە، چونکە ناتوانێت بڕیاریکی سەربەرخۆ بدات و نایەوێت چارەسەریی بۆ دۆخی سوریا فەراهەم بێت، هاوکات حکومەتی سوریا لەژێر کاریگەری بەرژەوەندی ڕوسیا و ئێران مامەڵە دەکات.

بە وتەی نوری مەحمود، ڕوسیا هەنگاوێکی بەرچاوی بۆ دۆخی سوریا نەناوە، بەر لە بەرژەوەندیی گەلی سوریا، بەرژەوەندیی خۆی لەبەرچاو دەگرێت، مەترسیی و پێشبینی ئەوەش دەکرێت هاوشێوەی عەفرین ڕێککەوتنێک بکرێت.

وتەبێژی یەپەگە، ڕوونیشیکردەوە”لە ماوەی نزیکەی ١٠ی ساڵی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، لە هەر هێرشێک لە چوارچێوەی مافی خۆپاراستنی ڕەوا بەکاردەهێنین و هیچ کاتێک هێرشمان بۆسەر هیچ لایەنێک نەکردووە، وە هیچ کاتێکیش داگیرکەریی، چەتە و داعش و قاعیدە و پاشماوەکانی تیرۆری نزیک لە ئەردۆغان و تورکیا قبوڵ ناکەین”.

بەپێی ڕاگەیەندراوی قەسەدەش، لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، دەوڵەتی داگیرکەری تورک ٣٠٦ هێرشی بە چەکی قورس کردووەتە سەر ناوچەکانی عەین عیسا، گرێسپی و تل تەمر و زرگان و ڕێگای ئێم٤ و چەندین ناوچەی جیاجیای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هاوکات ١٦ هیرشی ئاسمانی کراوە، کە بەوهۆیەشەوە هەشت هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×