موقتەدا سەدر سەرپەرشتیی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق دەكات
  2021-10-18       613       
موقتەدا سەدر لە نەجەفەوە چووە بەغداد و سەرپەرشتیی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق دەكات، كە ڕەوتەكەی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن زۆرترین چاوی لەسەرە.

میدیا عێراقییەكان لەزاری ڕیاز مەسعودی سەركردە لە ڕەوتی سەدر بڵاویكردەوە، موقتەدا سەدر ئەمڕۆ چووەتە بەغداد و لەئێستادا لە پایتەختی عێراقە بۆ سەرپەرشتیكردنی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو.

ڕەوتی سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی پەرلەمانی عێراقە و چانسی پێكهێنانی حكومەتی لە لایەنەكانی دیكە زیاترە، لەگەڵ ئەوەی هەریەكە لە نوری مالكی و هادی عامری، لەگەڵ چەند لایەنێكی دیكەی شیعی، بەتایبەت ئەوانەی لە ئێرانەوە نزیكن، لەهەوڵی بەردەوامدان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك و بوونە گەورەترین كوتلە بۆ پێكهێنانی حكومەت، دیار نییە سەركەوتوو دەبن لە تێپەڕاندنی سەدر یان نا.

سەدر لە پەیامی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕایگەیاند، كار بۆ هاوپەیمانێتییەكی نیشتمانی و پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش بانگی شیعە، سوننە، كورد و پێكهاتەكانی دیكەشی كرد.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×