فشار لە مامۆستایانی وانەبێژ دەكرێت بایكۆت بشكێن
  2021-10-20       322       

نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژی كەلار لە گەرمیان دەڵێت "فشار لەمامۆستایانی وانەبێژ دەكرێت بۆ شكاندنی بایكۆت، بەپێچەوانەوە لە شوێنەكانیان مامۆستای دیكە دادەنرێت".

 

ئاوێنە: مەجید محەمەد، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژی كەلار رایگەیاند :بەهۆی فشار لێكردنەوە چوار مامۆستای وانەبێژ گەڕێندراونەتەوە بۆ دەوامكردن‌و بەمامۆستایان وتراوە ئەگەر نەگەڕێنەوە بۆ دەوام مامۆستای دیكە لە جێگەیان دادەنرێت".

بەڵام دارا ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان، رەتی دەكاتەوەو دەڵێت "هیچ داواكاریەكی وا نەكراوەو هیچ بەدواداچونێكیش ئەنجام نادەن لەو بارەیەوە".

هاوکات بەیانی ئەمڕۆ لەبەشێک لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ جارێکی دیکە دەستیپێکردەوەو مامۆستایانی وانەبێژ لە شاری سلێمانی لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمانی كوردستان کۆبونەوەو داوا دەكەن حكومەت بەبێ جیاوازی و لەسەر بنەمای خزمەت و ساڵانی دەرچوون، هەلی دامەزراندنی هەمشەییان بۆ بڕەخسێنێت.


ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە وەزارەتى دارایى و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە دابینکردنى بڕى (٣٠٠) بۆ (٣٥٠) هەزار دینار بۆ مامۆستایانی وانەبێژى دەرچووى پەیمانگاکان. 

هەروەها بەپێى بڕیارەکەى دارایی هەرێم، هەر وانەبێژێکى دەرچووى زانکۆش بڕى (٤٠٠) بۆ (٤٥٠) هەزار دینار دەبێت، بەڵام مامۆستایانی وانەبێژ ئەم بڕیارەی حكومەتی هەرێم ڕەتدەکەنەوە و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی یان كۆمەڵێك مافی دیكە دەکەن کە بۆیان دابینبكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×