عێراق لەماوەی 9 مانگدا بەبەهای 145 ملیۆن دۆلار سەوزەو میوەی لەتورکیاوە هاوردەکردوە
  2021-10-21       232       

کۆمەڵەی هەناردەکارانی سەوزەو میوە لەتورکیا ئاشكرایكرد، عێراق لەهاوردەکردنی بەرهەمەکانی سەوزەو میوەی تورکیدا پلەی سێیەمی هەیەو تەنها لەماوەی 9 مانگدا بەبەهای 145 ملیۆن دۆلار ئەو بەرهەمەی لەتورکیا هاوردەکردوە.

ئاوێنه‌: هارتین ئۆشاک سەرۆکی کۆمەڵەکە لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتویەتی:"هەناردەکردنی بەرهەمی میوەو سەوزەی تورکیا لەمانگی کانونی دوەمەوە بۆ ئەیلولی 2021، لە1.198 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 1.470 ملیۆن دۆلار زیادیکردوە، بەمەش زیادکردنەکە بەڕێژەی 23٪ بوە".

جەختیشیکرده‌وه‌، "ئامانجیان ئەوەیە لەماوەی ساڵی 2021 تێکڕای هەناردەی ئەو بەرهەمە خۆراکییە بۆ دوو ملیار دۆلار بەرزبکەنەوە".

سەبارەت بەو وڵاتانەی زۆرترین سەوزەو میوەی تورکیا هاوردە دەکەن ئۆشاک وتویه‌تى:"ئەڵمانیا بەبەهای 200 ملیۆن دۆلار پلەی یەکەمی لەهاوردەکردنی میوەو بەرهەمی سەوزەی تورکیادا هەیە، لەکاتێکدا ئەمریکا بە185 ملیۆن دۆلار پلەی دوەمی بەدەستهێناوە، عێراقیش بەهاوردەکردنی بەرهەمی میوەو سەوزەی تورکی بەبەهای 145 ملیۆن دۆلار لەپلەی سێیەمدا بوە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×