ستران عەبدوڵا، سه‌رپه‌رشتیاری مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندنی یەکێتی رایدەگەیەنێت، یەكێتی گۆڕانكاری دەكات لەئەجێندای كاری خۆی و بەرنامەی پێویستیش بۆ قۆناغی نوێی دوای هەڵبژاردنەكان دادەنێت، هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای دامەزراوەكان و مەكتەب و مەڵبەندەكانی دەكات، بەڵام هەواڵ و زانیاری لەسەر بەستنی پلینوم و كۆنگرە و كەمكردنەوەی ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی دورن لەراستییەوە.
ئاوێنه: ستران عەبدوڵا لەرونکردنەوەیەکدا کە میدیای یەکێتی بڵاویکردوەتەوە ئاماژەی بەوەشكردوە، "زۆر جار سۆشیال میدیاكان بۆ بازاڕگەرمی یان بۆ مەزەندە و تاقیكردنەوە ئەو دەنگۆیانە بڵاودەكەنەوە كە هیچ راست و رەسمیی نین، بۆیە ئەنجومەنی سەركردایەتی لە رێگەی سكرتاریەتەكەیەوە بەگرنگی زانی ئەو رونكردنەوەیە بڵاوبكاتەوە، چونكە ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایەكی راستییان تێدا نییە".
باسی لەوەشکردوە، بێگومان یەكێتی گۆڕانكاری دەكات لەئەجێندای كاری خۆی و بەرنامەی پێویستیش بۆ قۆناغی نوێی دوای هەڵبژاردنەكان دادەنێت و هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای دامەزراوەكان و مەكتەب و مەڵبەندەكانی دەكات، بەڵام هەواڵ و زانیاری لەسەر بەستنی پلینوم و كۆنگرە و كەمكردنەوەی ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی دورن لەراستییەوە
سه‌رپه‌رشتیاری مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندنی یەکێتی دەڵێت، هەڵسەنگاندن و پاداشت و لێپرسینەوە بەشێكی گرنگ دەبن لە بڕیار و ستراتیژی مەكتەبی سیاسیی و سەركردایەتی یەكێتی، گۆڕانكاری پێویستیش دەكرێت، بەڵام "ئەمە بە رێكارە حزبیی و ئوسوڵییەكان نەك بەتەخمینی سۆشیال میدیا و پەیجە جۆراوجۆرەكان".
دوێنێش سكرتاریه‌تی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی رونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی به‌ستنی كۆنگره و پلنیۆم و كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، هیچ به‌رنامه‌یه‌كیان نییه بۆئه‌و مه‌به‌سته و ئه‌و هه‌واڵانه‌شی له‌وباره‌یه‌وه بڵاوده‌كرێنه‌وه دورن له‌ڕاستیه‌وه.