نەوەی نوێ هۆكاری كۆنەبونەوەی سەرۆكەكەی لەگەڵ وەفدی پارتی ئاشكرادەكات
  2021-10-21       1743       

هیمداد شاهین، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ، لەبەر دو هۆكار پێمان باش نەبوە سەرۆكی جوڵانەوەكە لەگەڵ ئەو وەفدەی پارتی دیموكراتی كوردستان دابنیشێت كە لە چەند رۆژی رابردودا سەردانی سلێمانیان كرد.

ئاوێنە: هیمداد شاهین، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك وتویەتی"سەبارەت بە دانیشتن و دانوستانی لایەنە سیاسییەکان بۆ دروستکردنی یەکڕیزی، لە چەند رۆژی رابردودا جوڵانەوەی نەوەی نوێ پرۆژەیەکی خستەڕو، کە تیایدا رامانگەیاندوە ئێمە هیچ پۆست و وەزارەتێکمان ناوێت و تەواوی ئەو خاڵانەی لەپرۆژەکەشدا هاتون لەخزمەتی خەڵک و لەپێناو خەڵکدان."

ئەوەشی وتوە"لەوبارەیەوە، لەچەند رۆژی رابردوداو سەبارەت بە سەردانی وەفدەكەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سلێمانی، داواکراوە کە وەفدەکە سەرۆکی جوڵانەوەکەمان ببینن، بەڵام ئێمە پێمانباش نەبوە ئەو دانیشتنە لە ئێستادا بکرێت لەبەر دو هۆکار."

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ لەبارەی هۆكاری یەكەم نوسیویەتی"پێمانباشە دانیشتن و دانوستان لەسەر پرۆژەکەی نەوەی نوێ بێت، یاخود لەسەر هەر پرۆژەیەک بێت کە لەپێناو ماف و بەرژەوەندیەکانی خەڵکدا بێت، هەرکاتێک پرۆژەیەک هەبێت کە لەپێناو خەڵک بێت ئێمە عوقدە و گرێی شەخسی و کێشەی تاکە کەسیمان نییە و بە ئاسایی دەزانین لەگەڵ هەر هێز و لایەنێکدا گفتوگۆ و دانیشن بکرێت لە پێناو مافی خەڵکدا."

لەبارەی هۆكاری دوەمیش رایگەیاندوە"پێمان باشە ئەو وەفدانە لەسەر ئاستی خوارەوە پێشتر ئامادەسازی بکەن و وردەکاری پرۆژەکە یەکلابکەنەوە، پاشان ئەگەر خاڵەکان یەکلاکرانەوەو نیەتێک هەبو بۆ خزمەتی هاوڵاتییان، ئەوکات کۆبونەوەی باڵا ئەنجام بدرێت."

لەكۆتاییشدا وتویەتی"جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پرۆژەکەیدا وەک زەمینەسازیی ناوخۆیی بۆ دروستکردنی یەکدەنگی لەبەغدا، داوای چەند خاڵێکی کردبو کە تایبەتە بە غەم و پێویستی هاوڵاتییان، هەر کات ئەو ئامادەسازییانە کران و باس لە کێشەو گرفتی خەڵک و بەرژەوەندی خەڵک کرا، ئەوە نەوەی نوێ هیچ لاری نییە بۆ کۆبونەوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×