حكومەتی هەرێم: پڕۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی دەستیپێكردوە
  2021-10-21       429       

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكرایكرد، پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی دەستیپێکردوەو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان 100 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیان دابین دەکات.

ئاوێنە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەربە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمشەو پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە دابەشکردنی نەوتی سپی سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەبێت، هەر خێزانێکیش 200 لیتر نەوتی بە بڕی 55 هەزار دینار پێدەدرێت.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەو نەوتەی دابین دەکرێت "باشترین" کوالێتی دەبێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە قۆناغی یەکەمدا، 10 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ پارێزگاکانی، هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دابینکراوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری وتویەتی، بەپێی پلانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، پارێزگای هەولێر، 47.5 ملیۆن لیتر، پارێزگای سلێمانی، 29.6 ملیۆن لیتر، پارێزگای هەڵەبجە، 4.5 ملیۆن لیتر و پارێزگای دهۆکیش 23 ملیۆن لیتر نەوتی بۆ دابین دەکرێت.

پلانی دابەشکردنی نەوتی سپی کە لەلایەن حکومەتەوە دانراوە، سێ قۆناغە، سەرەتا ناوچە شاخاوییەکان، دواتر دەوروبەری شارەکان و پاشان ناوەندی شارەکان دەگرێتەوە.

لەکۆی ئەو 10 ملیۆن لیترەی لە قۆناغی یەکەمدا دابین کراوە، بەپێی ئەو داتایەی حکومەت لە رێگەی فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە بڵاویکردوەتەوە بەمشێوەیەیە: 4 ملیۆن و 329 هەزار لیتر بۆ هەولێر،  2 ملیۆن و 478 هەزار لیتر بۆ سلێمانی و هەڵەبجە نێردراوە، 3 ملیۆن و 429 هەزار لیتر بۆ پارێزگای دهۆک نێردراوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×