گوڵیزار عەلی، جێگری سەرۆکی لیژنەی لیژنهى وزهو سامانە سروشتیهكان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، داوای بینینی وەزیری سامانە سروشتییەكانیان كردوە بۆ ئەوەی گەرەنتییان بدرێت كە كێشەی سوتەمەنی چارەسەر دەكرێت. دەشڵێت: "ئاگادار کراوینەتەوە تا پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ نەوتی سپی بەسەر هەمو ماڵێکدا دابەشدەکرێت."
ئاوێنە: کەمبونەوەی سوتەمەنی و بەرزبونەوەی نرخەکانیان لە هەرێمی کوردستان گرفتی بۆ هاوڵاتیان دروستکردوە، لەو ڕوەوە جێگری سەرۆکی لیژنەی لیژنهى وزهو سامانە سروشتیهكان، گوڵیزار عەلی بە بەشی كوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ”داوامان کردووە یا وەزیری سامانە سروشتییەکان بێتە پەرلەمان یا لیژنەکەمان سەردانی وەزارەت بکات لەسەر بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی."
جێگری سەرۆکی لیژنەی لیژنهى وزه و سامانە سروشتیهكان وتیشی”هۆکاری کێشەی غاز کە چەند ڕۆژێکە هەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە (کۆرمۆر) ساڵی جارێک دەبێت سیانە بکرێت بۆیە کێشەکە هونەری بو."
وتیشی” ئێستا کێشەی غازمان نییە و چارەسەربوە، ئەوەی هەیە کێشەی بەنزین و نەوتی سپییە بۆ ماڵان."
گوڵیزار عەلی ئەوەشی وت”بە زارەکی ئاگادار کراوینەتەوە کە تا پێش کۆتایی ئەمساڵ و پێش هاتنی وەرزی زستان نەوتی سپی بەسەر هەمو ماڵێکدا دابەش دەکرێت."
سەبارەت بە کێشەی بەنزینیش، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتی” بۆ ئەم گرفتە دەبێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەکان دابنیشین و داوای چارەسەر بکەین چونکە ئەو بڕە یەک ملیۆن لیترە بەس نییە و دەبێت دڵنیا بین ئەو چارەسەرە کە بەغدا بەنزین دەنێرێت بەردەوام دەبێت یان لە کاتی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق نامێنێت ئایا گەرەنتی چیە؟ بۆیە دەبێت وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بۆ چارەسەری کێشەی بەنزین و سوتەمەنی گەرەنتیمان بداتێ."