ژوری بازرگانی سلێمانی: بازرگانان‌و وەبەرهێنەرانی هەرێم بۆ کارکردن رو دەکەنە بەغدا
  2021-10-22       889       

نەوزاد غەفور، جێگری دوەمی سەرۆکی ژوری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی  ئاماژە بەوەدەکات بەشێک لەبازرگانان‌و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان بۆ کارکردن‌و فراوانکردنی کارەکانیان رو لەبەغدا دەکەن‌و کارەکانیان دەبەنە شارەکانی خواروی عێراق بەهۆی رۆتینیاتی حکومەت‌و رایی نەکردنی کاری بازرگانانەوە، ئەو دەڵێت "لەئێستادا ئەگەر تەماشا بکەین بەشێک لەبازرگان‌و وەبەرهێنەکانمان ڕویان لەبەغدا کردوە بەتایبەت لەکەرتی وەبەرهێنانداو لەئێستاشدا زۆرترین هاوردە لەسنورەکانی خواروی عێراقەوە بەرەو هەرێمی کوردستان دێت."

ئاوێنە: نەوزاد غەفور، جێگری دوەمی سەرۆکی ژوری بازرگانی‌و پیشەسازی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو بازرگانە کوردانەی لەئێستادا هاوردەی خۆراک‌و کەلوپەل لەدەروازەکانی خواروی عێراق دەکەن‌و لەدەروازەکانی هەرێم هاوردەی ناکەن، هۆکارەکەی ئەوەیە لەبازگەکانی خواروی عێراق رسوماتی گومرگی وەک خۆی وەر ناگیرێت، بەڵام لە دەروازەکانی هەرێم پێناسی گومرگی کە بۆ خۆراک‌و کاڵا دانراوە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش وایکردوە بازرگانانی هەرێم لەدەروازەکانی خواروی عێراق کاڵا هاوردە بکەن، چونکە لە خاڵە گومرگیەکانی هەرێم هیچ کارئاسانی‌و کەمکردنەوەی گومرگ نییە، ئەو وتی "لەدەروازەکانی ناوەڕاست‌و خواروی عێراقەوە هەمو پێناسە گومرگیەکان وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت، بۆیە دەوترێت زۆرترین جموجۆڵی بازرگانی لەدەروازەکانی خواروی عێراقە."

وتیشی "ئەو وەبەرهێن‌و کۆمپانیایەنەی کە رو لەشارەکانی خواروی عێراق دەکەن‌و کارەکانیان دەبەنە بەغدا لەبەرئەوەیە لێرە کۆمەڵێک ڕۆتین ڕوبەڕوی بازرگان‌و وەبەرهێن دەکرێتەوە کاتێک پرۆژەیەک پێشکەش دەکات، هەر لەپێدانی زەوی‌و ڕادەست کردنەوەی مامەڵەکانی بۆ ماوەیەکی دورودرێژ، کە دو ساڵی پێدەچێت، ئەمەش وادەکات بازرگانان‌و وەبەرهێنەران ڕوبکەنە شارەکانی خواروی عێراق بەتایبەت بەغدا".

جێگری دوەمی سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی جەختی کردەوە "نەبونی سیستمی بانکی لەناو هەرێم هۆکارێکی ترە کە بازرگانان رو بکەنە شارەکانی خواروی عێراق، چونکە بانکە حکومیەکان‌و بانکە تایبەتەکان جێگەی متمانەی بازرگان‌و وەبەرهێن نین، بانکە عێراقیەکان پێشینەو قەرز دەدەن بەکۆمپانیاکان لەشارەکانی خواروی عێراق‌و کاریگەریی خۆی هەیە، فرۆشتنی نرخی دۆلاریش بەبازرگانان بەنرخی بانکی ناوەندی‌و چەندین هۆکاری دیکە هۆکارن کەوا دەکات کاری بازرگانی لەهەرێمی کوردستانەوە بگوازرێتەوە بۆ بەغدا".

ئەوەشی رونکردەوە "ژورە بازرگانیەکان بەتایبەتی ژوری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ماوەی دە ساڵە لەهەمو کۆڕو کۆنفرانس‌و کۆبونەوەکان لەگەڵ وەزیرو بەرپرسەکان‌و بەڕێوەبەرە گشتیەکان ئەم زانیاریانەمان پێداون، وا ئێستا هەمو ئەو ئاماژانە دەردەکەون کە ئێمە بەراپۆرت حکومەت‌و لایەنە پەیوەندیدارەکانمان لێئاگادار کردۆتەوە".

نەوزاد غەفور وتی "من هیچ دڵخۆش نیم بەوەی کاتێک دەوترێت داهاتی حکومەت لەخاڵە سنوریەکان زیادی کردوە بەهاوردەکردنی کاڵاو خۆراک، ئەمە پێی ناوترێت ئابوری سەرکەوتو، ئابوری سەرکەوتو ئەوەیە کە هاوردەوکردن کەم بکەیتەوەو هەناردە کردن زیاد بکەیت، ئەمە ئابوری سەرکەوتوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×