موسەننا ئەمین: پارتی و یەكێتی هیچیان نەهێشتوەتەوە کە خەڵک روی بێت لەگەڵیان دابنیشێت
  2021-10-22       970       

موسەننا ئەمین، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، پارتی و یەكێتی هیچیان نەهێشتوەتەوە کە خەڵک روی بێت لەگەڵیان دابنیشێت و دانیشتنی ئاساییش لەگەڵیان بۆتە عەیبە و دەڵێت: ئەو یەكڕیزییەی باس دەكرێت زیاتر ئامانج لێی رێككەوتنە لەسەر پۆستەكان.

ئاوێنە: موسەننا ئەمین، كاندیدی سەرکەوتوی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بۆ خولی نوێی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی بە روداوی راگەیاند"هێشتا دەستکەوتی کورد لەو هەڵبژاردنەدا دیار نییە، تەنیا یەک دو کورسی زیاد کردوە، هێزە شیعەکان دابەشبون، ئەگەری پێکدادان یان سازان لە نێوانیاندا هەیە. رادەی پۆپۆلیسیتی لە نێو پەرلەمانی عێراق زیاتر دەبێت، دابەشبون زیاتر دەبێت ئەمەش هەم دەرفەت دەخوڵقێنێ هەمیش ئاستەنگ بۆ مافەکانی گەلی کورد دروست دەبێت."

پارتی، کە زۆرینەی کورسییەکانی بەدەستهێناوە دەستی بە جوڵە سیاسییەکانی کردوە، لە کۆبونەوەکانیان لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان داوای یەکریزیان لێكردون بۆ بەغدا، بەڵام موسەننا ئەمین لەوبارەیەوە وتویەتی"ئەو یەکڕیزییەی باسدەکرێت زیاتر ئامانج لێی رێککەوتنە لەسەر پۆستەکان."

موسەننا ئەمین وتوشیەتی" دو خولە لە پەرلەمانم هیچ ئەجێندایەکی سیاسی نابینم، کە بە ئێمە بڵێن فڵان یاسامان بۆ فڵان کێشە هەیە، ئەوەی هەیە بە شەڕ لەسەر پۆستەکان دەستپێدەکات، شەڕەکەش هەر لەسەر پۆستی سەرۆککۆمارە تاوەکو سەرۆکی لێژنەیەکی پەرلەمان. ئەسڵی بابەت کە بۆی دەچین بۆ بەغدا لە بیر دەچێت."

سەبارەت بە بەشداریکردنی یەکگرتوی ئیسلامی لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت، کە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا چوار کورسی بەدەستهێناوە. موسەننا ئەمین وتویەتی"ئێمە هێشتا گفتوگۆیەکی جیددی نابینین، تاوەکو بەشداری بکەین یان نا، ئاسۆی بەغدا رون نییە. ئەگەری پێکدادانی هێزە شیعەکان هەیە، یان دەسازێن، ئەویش بەرهەمهێنانەوەی مۆدێلی کۆنە، کە حکومەت پێکبێنن و گەندەڵییەکانی یەکدی دابپۆشن، یان نە شەڕ نە ئاشتی، وەکو خولی رابردو سەرەتا تەوافوقیان کرد، دواتر نەسازان دیسان لەسەر كاندیدێكی تەوافوقی رێککەوتن، ئەوەش خزمەت بە پرۆسەی سیاسی ناکات."

موسەننا ئەمین هەروەها وتویەتی"پێمانباشە کورد جوڵەی سیاسی هەبێ، با دو حیزبی دەسەڵات گفتوگۆ بکەن، چونکە ئەوان هۆکاری کێشەن. ئەوان دەتوانن گفتوگۆی یەکلاییکەرەوە بکەن، ئێمە کێشە نین. ئێمە سیاسەت و ستراتیژییەتی خۆمان رونە ئێمە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانین. ئێمە بەشداربین یان نا کێشەیەکی گەورە نییە. ئێمە پرۆسەی سیاسیی عێراقمان پێ چاکناکرێت و پێشمان تێکنادرێت."

موسەننا ئەمین ئاماژەی بەوەشدا ئەوان پێویستیان بەوە نییە داوای یەکڕیزیان لێ بکرێت و وتی"هەر بابەتێک لە بەغدا کە پێویستی بە یەکڕیزی بوە، لەگەڵی بوین، ئێمە پێویستمان بە کەس نییە پێمان بڵێت وەرە با یەکڕیز بین. خۆمان یەکڕیزین."

سەبارەت بەوەی، کە ئایا یەکگرتوی ئیسلامی پرۆژەی خۆی هەیە بۆ بەغدا یان دەبێتە بەشێک لە پرۆژەی لایەنەکانی دیکە. موسەننا ئەمین وتویەتی"با پارتی و یەکێتی رێکبکەون، روئیایەک دروست بکەن، بە ئێمەشی بڵێن، ئەگەر زانیمان لە بەرژوەندی خەڵک و میللەتەکەمانە پشتگیریان دەکەن. بە دڵمان بو بەشداری دەکەین و داوای ئیستحقاقی خۆمان دەکەین، بە دڵیشمان نەبو بەشداری ناکەین."

هەروەها سەبارەت بە کۆبونەوە لەگەڵ پارتی و یەکێتی، ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکگرتو وتویەتی"ئەو دو حیزبەی کوردستان هیچیان نەهێشتوەتەوە کە خەڵک روی بێت لەگەڵیان دابنیشێت. ئێمە ناتوانین ببینە بەشێک لە پرۆژەیەکی سیاسی ئەو حیزبە، کە بەو شێوەیە لە کوردستان حوکمڕانی بکەن، دەبێ چاکسازی بکەن، ئەوکات رومان بێت لەگەڵیان باسی پێکهێنانی حکومەت بکەین. ئێستا دانیشتنی ئاساییش لەگەڵ ئەو دو حیزبە لە روانگەی جەماوەرییەوە بوەتە عەیبە."

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×