لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان: داوامان کردوە بەشێك لە مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە ھەمیشەیی
  2021-10-23       221       

سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "داوامان لە حکومەت کردوە لەسەربنەمای خانەنشینکردنی ئەو مامۆستا ھەمیشەییانەی کاتی خانەنشینکردنییان ھاتوە، بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە ھەمیشەیی."

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، دوای نزیکەی دو هەفتە لە خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان، بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند "داوامان لە حکومەت کردوە لەسەربنەمای خانەنشین کردنی ئەو مامۆستا ھەمیشەییانەی کاتی خانەنشینکردنییان ھاتوە، بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە ھەمیشەیی."

ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند رۆژی داھاتودا وەڵامی پێشنیارەکەیان لە حکومەتەوە پێدەدرێتەوە.

سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕو، لە ئێستادا ئەو پرۆژەیەی حکومەتی ھەرێم ھەیەتی بۆ مامۆستایانی وانەبێژ دابینکردنی بڕێک پارەیە بۆیان و حکومەت دەڵێت، لە ئێستادا لەوە زیاتریان پێ جێبەجێناکرێت.

وتیشی، وەک ھەنگاو و قۆناغی یەکەم، ئەو بڕیارەی حکومەت جێبەجێدەکرێت و لە داھاتودا پێداگری زیاتر لەسەر داواکاری و مافی مامۆستایان دەکەین و کاردەکەین لەسەر جێبەجێکردنی پێشنیارەکەمان و گۆڕینی بۆ بڕیار.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×