کۆنگرێسی ئەمریکا داوا دەكەن فڕۆکەی F-16 بە توركیا نەفرۆشرێت
  2021-10-25       593       
 ژمارەیەک کۆنگرێسمانی ئەمریکا پەیامێکیان ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کردوەو داواده‌كه‌ن، تەنانەت واشنتۆن فڕۆکەی جۆریF-16 ش بەتورکیا نەفرۆشێت.

ئاوێنه‌: کۆنگرێسمانەکان لەنامەکەدا کە بۆ ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکایان ناردوە دەڵێن:"ناکرێت ئه‌مریكا ڕێگەبدات ئیدارەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا خۆی لەو لێپرسینەوەیە بدزێتەوە کە بەهۆی پێشێلکردنی یاسای ئەمریکی‌و پێوەرەکانی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ڕوبەڕوی دەبێتەوە".

ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس هۆشداریانداوە بەوەی نابێت فڕۆکەی جۆری F-16 بەتورکیا بفرۆشێت، چونکە بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی S-400ی ڕوسییەوە یاسای بەرەنگاربونەوەی نەیارانی ئەمریکا (کاتسا)ی بەسەردا دەسەپێت، وتوشیانە:"فرۆشتنی ئه‌و جۆرە فڕۆکەیە بەتورکیا مەترسیدارە، لەبەرئەوەی ئەنکەرە سورە لەسەر دەستخستنی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی ڕوسیی".

باس لەوەشکراوە، پەیامەکەی ئەو ژمارە کۆنگرێسمانە لەلایەن ئەنجومەنی ڕێبەرایەتیی ئەمریکی‌و یۆنانی‌و لیژنەی جولەکە ئەمریکییەکان‌و ڕێکخراوە ئەرمەنیی‌و هیندیی‌و کوردییەکانەوە پشتیوانیدەکرێت.

لەماوەی ڕابردودا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، ئەمریکا پێشنیازی ئەوەیانکردوە کە بەرامبەر بەو پارەیەی تورکیا لەبەرنامەی دروستکردنی فڕۆکەی F-35 خەرجیکردوە، واشنتۆن فڕۆکەی F-16 بەتورکیا بفرۆشێت، بەڵام نێد پرایسی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەردۆغانی بەدرۆخستەوەو ڕایگەیاند، هیچ جۆرە پێشنیازێکی لەوجۆرەیان بۆ تورکیا نەکردوە.

چاودێران دەڵێن: خواستی تورکیا بۆ دەستکەوتنی فڕۆکەی جۆری F-16 مانای ئەوەیە کە تورکیا بەتەواوەتیی بەستبەرداری کڕینی فڕۆکەی شەبەحی F-35ی ئەمریکی بوە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، ئیبراهیم کاڵنی وتەبێژی سەرۆکایەتیی تورکیا وتی:"ئەگەربێت‌و واشنتۆن بەدەم داواکاریی تورکیا بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی F-16وە نەیەت، ئەوە تورکیا مافی ئەوەی هەیە بەدوای جێگرەوەی تردا بگەڕێت".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×