بەهۆی كوشتنی كچە منداڵێكی ئێزیدی، ژنە داعشێكی ئەڵمانی بە 10 ساڵ زیندانی سزادرا
  2021-10-25       901       

ئەمڕۆ دوشەممە، دادگای میونخ، سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەر ژنە داعشێكی ئەڵمانیدا سەپاند، ئەوەش لەسەر كەیسی كوشتنی كچە منداڵێكی ئێزدی لەعێراق، كە ئەو ژنە ئەڵمانییەو مێردەكەی وەك كۆیلە ئەو كچە منداڵە ئێزیدییەیان كڕی بو و ساڵی 2015 بە هێشتنەوەی لەبەر هەتاوی گەرمی هاویندا لە فەلوجە لە تینوێتیدا مردبو.

ئاوێنە: هاوینی 2015 ئەو ژنە داعشە ئەڵمانییە كە ناوی "جینیفەر ڤینیش"ەو تەمەنی 30 ساڵانە، لەگەڵ مێردەكەی بەناوی تەها جومەیلی، ئەو كچە منداڵە ئێزیدییە تەمەن پێنج ساڵانەیان لەگەڵ دایكیدا وەك كۆیلە كڕی بو و بردبویانن بۆ فەلوجە.

تەها جومەیلی، دوای ئەشكەنجەدانێكی زۆر ئەو كچە منداڵە ئێزیدییە لە گەرمای هاوینێكی زیاتر لە 50 پلەییدا بە پەنجەرەیەكی دەرەوەی ماڵەكەیدا دەبەستێتەوەو جێی دەهێڵێت و دواتر كچەكە لە تینوێتیدا دەمرێت.

تەها جومەیلی، مێردی ڤینیش، كە چەكدارێكی داعش بوە لە عێراق، ئێستا لە دادگایەكی فرانكفۆرت بە هەمان تۆمەت دادگایی دەكرێت و بڕیارە لە مانگی داهاتودا حوكمەكەی دەربچێت.

بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، ڤینیش، ساڵی 2016 لە توركیا دەستگیركراوەو دواتر رادەستی ئەڵمانیا كراوەتەوە. لە ئەڵمانیا ساڵی 2018 دەستگیركراوە كاتێك ویستویەتی لەگەڵ كچە دو ساڵانەكەیدا هەوڵیداوە بڕواتە ناوچەكانی ژێر دەستی داعش لە سوریا.

ڤێنیش لە تیمی "بەرەنگاربونەوەی خراپەكارییەكانی داعش" خزمەتی كردوە كە ئەو تیمە رێسا توندەكانی رێكخراوەكەیان لە موسڵ و فەلوجە سەپاندوە.


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×